شاخەوان عەبدوڵا: پۆستی سەرۆک کۆمار ئەوە نییە یەکێتی بە ١٧ کورسییەوە وەریبگرێ

 شاخەوان عەبدوڵا: پۆستی سەرۆک کۆمار ئەوە نییە یەکێتی بە ١٧ کورسییەوە وەریبگرێ
پەرلەمانتارێکی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەوە دەدا، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ”ئەوە نییە یەکێتی بە ١٧ کورسییەوە وەری بگرێت“، دەشڵێت "عەرەبی سوننە پێی خۆشە کەسایەتییەکی لاوازی کورد پۆستی سەرۆک کۆمار و وەزارەتەکان وەربگرێت“.

شاخەوان عەبدوڵا، پەرلەمانتاری خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "پێویستە سەرۆک کۆماری عێراق، کەسێکی ئەکتیڤ بێت، ئەگەرنا نەبوونی باشترە، چونکە ئەو سەرۆک کۆمارەی ئێستا تەمسیلی کورد نەکات، خەڵک ھەیە لەو کەڵەگەتتر و باشترە پۆستی سەرۆک کۆمار بەڕێوە بەرێت، کەواتە ئەوە ئیستیحاقێکی نەتەوەییە و دەبێ بەرگری لە نەتەوەکەی خۆشت بکەیت، ھەروەھا لە ھەمووی گرنگتر ئەو بڕگەیەیە کە باس لە پێشێل نەکردنی دەستووری عێراق دەکات، بەڵام دەیان ماددەی ئێمە پێشێل کرا، سەرۆک کۆماری پێشوو ھیچ ھەڵوێستێکی نەبوو“.

ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، بەباشی دەزانێ، ئەمجارە بابەتی ناوچە کوردستانییەکان لە درووشم دەربچێت، سەرۆک کۆمارێک لە کەرکووکییەکان، یان مەخموور یانیش خورماتووییەکان دابنرێت، ”بۆ ئەوەی ئازاری خەڵکی ئەو ناوچانە بزانێ و ھاوکاریش بێ بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە“.

جەختی لەوەش کردەوە، کە عەرەبی سوننە حەز دەکات، کوردێکی لاواز وەزارەت و پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت، چونکە عەرەبی سوونە کەسێکی ناوێ ئیش بۆ ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بکات، ھەروەھا بەلایانەوە گرنگ نییە ئاخۆ ئیش بۆ شیعە دەکات، یان بە پێچەوانەوە، بەڵکو بەلای ئەوانەوە گرنگە ئەو کەسە ئیش بۆ ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان نەکات.

شاخەوان عەبدولڵا، ئەندامی پێشووی ئەونجومەنی نوێنەران، ئاماژەی بەوەش دا، کە جارێ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، یەکلایی نەبووەتەوە و ”پارتی ئەو پۆستەی نەداوە بە یەکێتی، بەڵکوو پێویستی بە ڕێککەوتنی ھەردوولایە، دواجار ھەر ئەوە نییە یەکێتی بە ١٧ کورسی بێن پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرن“.

ئەوەشی روون کردەوە، کە بەرپرس و وەزیرەکانی پارتی لە حکوومەتی عێراقدا دەتوانن ئیشی باش بۆ خەڵکی بکەن، چونکە پارتی یەکێکە لەو ھێزانەی کە وەزیرەکانی ناتوانن خیانەت بکەن، ھەروەھا ئیلتیزامی تەواویان بە سەرۆک بارزانی و فەرمانەکانی سەرۆکەوە ھەیە، بۆیە ”پارتی دەتوانێ لە عێراقدا داکۆکی لە مافی گەلەکەی بکات“.










باسنیوز
Top