پارتی: ناچینە ژێر فشاری یەکێتی و هیچ لایەنێک
ڕۆژی شەممە ١ی ئەیلوولی ٢٠١٨، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی مسەرکردایەتیی یەکێتی، ڕای گەیاند، ئەگەر پارتی پێداگرە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەوا دەتوانێ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی هەڵبژاردن ئەنجام بدات. لەلایەن چاودێرانیشەوە ئەم لێدوانە وەک هەڕەشەیەکی دوو ئیدارەیی لێکدرایەوە.
لە بەرامبەردا بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتیبە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئەو لێدوانە ھەست نەکردنە بە بەرپرسیارێتی و ماوەی چەند ساڵێکە یەکێتی بەھۆی ئەو کێشانەی لە ناوخۆدا ھەیەتی، دەکرێ بە تێکڕا پرۆسەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و پرۆسەی ھەڵبژاردن پەکبخەن؟ ئەگینا ھیچ پاساوێک بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن نییە“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە چاوەڕێی زۆر شت لە یەکێتی دەکەن و ڕای گەیاند: ”ڕەنگە یەکێتی پەنا بۆ زۆر شت ببات، لەبەر ئەوەی لە ھەڵبژاردن دەترسێت و ئیمانیان بە ھەڵبژاردن و دەنگی خەڵک نییە، کێشەی ناوخۆییان ھەیە، پێیان وایە لەوانەیە وەک جاری پێشوو، نەتوانن ساختەکاری بکەن، ئەگەر بیانووشیان پرۆسەی سیاسیی عێراقە، ئەوا ئێستا بۆ ئەو بابەتە شاندی سیاسیی ھاوبەش لە بەغدایە و دەتوانن ئیشی خۆیان بکەن“.
بەرپرسەکەی پارتی لە لێدوانەکەیدا بۆ (باسنیوز) ئەوەی دووپات کردەوە کە حزبەکەی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، ناچێتە ژێر فشاری یەکێتی و هیچ لایەنێکی دیکە و گوتی: ”پێمان وایە ئەوان دەتوانن کێشە دروست بکەن، بەداخەوە ئەوەی یەکێتی دەیکات، بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستان نییە“، گوتیشی: ”ئێمە شانازی دەکەین خاوەنی ڕیفراندۆم و ئاڵای کوردستانین، بۆیە ھەر لایەنێک بیەوێت ھەڵبژاردن دوابخرێت، دەبێ بۆ ڕای گشتی ڕوونی بکاتەوە کە پاساویان چییە؟“.
باسنیوز
