کاتی دابه‌شكردنى پاره‌ى چاودێرى سه‌ر سندوقه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌كان دواده‌كه‌وێت

 کاتی دابه‌شكردنى پاره‌ى چاودێرى سه‌ر سندوقه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌كان دواده‌كه‌وێت
به‌رپرسێكى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق ئاشكراى كرد،هه‌رچه‌نده‌ بڕیار بوو ئه‌م هه‌فته‌یه‌ پرسى دابه‌شكردنى پاره‌ى چاودێرانى سه‌ر سندوقه‌كانى هه‌ڵبژاردن یه‌كلایى بكرێته‌وه‌ به‌ڵام به‌هۆى ئه‌و جوڵه‌ سیاسییه‌ى كه‌ له‌ ئێستادا له‌ عێراقدا دروست بووه‌،ئه‌و پرسه‌ دوا ده‌كه‌وێت.



ڕزگار حاجى،جێگرى سه‌رۆكى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق ڕاگه‌یاند: هه‌رچه‌نده‌ بودجه‌ بۆ پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى 12 ى ئایارى عێراق ته‌رخان كرابوو و پاره‌ى چاودێرانى سه‌ر سندوقه‌كانیش دابین كرابوو، به‌ڵام به‌هۆى هه‌ڵپه‌ساردنى كاره‌كانى كۆمسیۆن پڕۆسه‌ى دابه‌شكردنه‌كه‌ گرفتى تێكه‌وت".



گوتیشی: "دواى ده‌ستبه‌كاربوونه‌وه‌مان بڕیار بوو له‌و هه‌فته‌یه‌دا كاره‌كانى دابه‌شكردنى پاره‌كه‌ ده‌ست پێبكه‌ین، به‌ڵام به‌هۆى بڕیارێكى حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌ دابه‌شكردنى پاره‌كه‌ وه‌ستاوه‌و پێمانڕاگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ دابه‌شكردنه‌كه‌ بخه‌ینه‌ دواى یه‌كه‌م دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌".



به‌گوێره‌ى گوته‌كانى ئه‌و به‌رپرسه‌ى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق بڕى پاره‌كه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رى وێستگه‌ 250 هه‌زار دینار و بۆ چاودێر و كارمه‌ندانى دیكه‌ى به‌ڕێوه‌چوونى ڕۆژى پڕۆسه‌كه‌ 200 هه‌زار دیناره‌.








باسنیوز
Top