مامۆستایەک: لەسەر ئاراس جەنگی و خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر سزا دراوم
حەیدەر محەمەد، یاریدەدەری لەکارلادراوی بەڕێوەبەری قوتابخانەی (شەھید ئارام) لە کەلار ئاشکرای کرد، دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ”وەک ھەر کوردێک، لەو کاتەدا زۆر تووڕە بووم و لە پێگەی خۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، پۆستێکم کرد و قسەم بە ئاراسی شێخ جەنگی کرد لەسەر خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ھەرچەندە ئاراس ھیچ پۆستێکی حکوومی و پەروەردەیی نییە، بەڵام بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار کە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانییە، لێپرسینەوەی زۆری لەگەڵ کردم و سزای دام، بۆ ئەوەش شایەتحاڵ و بەڵگەم ھەیە".
ئەو مامۆستایە ئاماژەشی بەوە کرد: ”بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار پێی گوتم، ئەگەر بچیتە سەر تەلەڤزیۆن و قسە بە پارتی و بارزانی بڵێیت، ئەوا من سزاکەت لەسەر لا دەبەم، ئەو قسەکردنی منی لەدژی ئاراس جەنگی و خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری بە بەرگریکردن لە پارتی وەرگرتووە ".
حەیدەر محەمەد ڕوونیشی کردەوە، کە پێش دوو ساڵ یەکێتی بووە، بەڵام ماوەی دوو ساڵە وازی لەو حزبە ھێناوە و ھیچ پەیوەندییەکم بە یەکێتییەوە نەماوە. گوتیشی: ”من سکاڵام لە وەزارەتی پەروەدە لەسەر بەڕێوەبەری پەروەدەی کەلار تۆمار کردووە، بەڵام ھیچ وەڵامێکم لەلایەن وەزارەتەوە نەدراوەتەوە و بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلاریش دەڵێت، ھیچ حیسابێک بۆ وەزارەت ناکەم و فەرمانی وەزارەتیش جێبەجێ ناکەم".
لە بەرامبەردا عەدالەت لەتیف، بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار ڕایگەیاند: "ئێمە ئەو مامۆستایەمان لە یاریدەدەریی بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی لا داوە و بە کەڵکی ئەو شوێنە نایەت، بەپێی ئەوەی دەسەڵاتمان ھەبووە، بە کەڵکی ئەوێ نەھاتووە، بڕیاری گواستنەوەی ئەو مامۆستایەش زووتر دراوە و بەھۆی بایکۆت و ھاتنە پێشەوەی تاقیکردنەوەکانەوە جێبەجێ نەکرا، چونکە بەڕێوەبەری نوێی قوتابخانەکەی ھات و پێی گوتم کە ئەو مامۆستایە بەکەڵکی پۆستی یاردەدەری نایەت".
بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: "بەڕێوەبەری نوێ لەسەر بنەمای کۆدەنگی مامۆستا دانانێت، بەڵکوو ڕێنمایی ھەیە، ئەو مامۆستایە بە کەڵکی یاریدەدەری نایەت، شایستە نییە".
ئەم قسانەی بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار لە کاتێکدایە کە مامۆستا حەیدەر جەخت لەوە دەکاتەوە، چەند کەسێک هەن وەک شایەتحاڵ لە بابەتەکەدا، لەگەڵ چەند بەڵگەیەک کە لەسەر ئاراسی شێخ جەنگی و خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە بەڕێوەبەرایەتییەکەی لادراوە.
باسنیوز
