سەرکردەیەکی گۆڕان: بە مردووییش لە یەکێتی دەبەینەوە
خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان، ڕایگەیاند: "بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەبەردەم ئەگەری کردن و نەکردندایە، بەڵام ئەگەری کردنەکەی بەھێزترە، ھەرچەندە یەکێتی گەشتووەتە ئەو باوەڕەی زەمینە لەبار نییە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، بۆیە پێشبینی ئەوە دەکەم ھەڵبژاردن دوابخرێت“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە دۆخی یەکێتی خراپە و ”لە ھەڵبژاردنەکەی پێشوودا ساختەکارییەکی گەوەری کردووە، ھەموومان دەزانین کورسییەکانی یەکێتی کورسیی ڕاستەقینەی خۆی نییە، بەڵکوو دەنگەکانی ھاک کردووە، بۆیە کورسییەکانی زیادی کردووە، بێگومان ئەمجارە یەکێتی دەنگی پێوێست ناھێنێت، بۆیە پێی خۆشە ھەڵبژاردن نەکرێت“.
بە گوتەی خەلیل سەرکانی، گۆڕان ترسی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن نییە، بەڵام ”بارودۆخی کوردستان باش نییە و خەڵکی تاقەتی دەنگدانی نییە“.
دووپاتیشی کردەوە: ”ئەگەر جەنازەکەشمان کەوتبێ، ئێمە لە یەکێتی دەبەینەوە، چونکە یەکێتی جەماوەری نەماوە و ئەگەر ساختەکاری نەکردایە، لە پارێزگای سلێمانی کەمترین دەنگی دەھێنا، بۆیە گۆڕان، جگە لەوەی لە سلێمانی ھێزی یەکەمە، چاوەڕێی ئەوە دەکەین، لەم ھەڵبژاردنەدا کورسییەکانمان زیاد بکات“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە هەفتەی ڕابردوودا، ڕەئوف عوسمان، سەرۆکی جڤاتی گشتیی گۆڕان ڕای گەیاندبوو کە گۆڕان و یەکێتی ترسیان لەوە هەیە پارتی ٥٠ + ١ی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بهێنێت و بەتەنیا حکوومەت پێک بهێنێت.
باسنیوز
