لە پێنجوێن دەست بەسەر سێ ئامێری بیرھەڵکەندندا دەگیرێت

 لە پێنجوێن دەست بەسەر سێ ئامێری بیرھەڵکەندندا دەگیرێت
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە سنووری پێنجوێن سێ ئامێری بیرھەڵکەندن دەستیان بەسەردا گیراوە، کەسێکیش بە تۆمەتی دزی دەستگیر کراوە.

ئەمڕۆ شەممە 1/9/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "لە چوارچێوەی ھەڵمەتەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بە سەرپەرشتیی عەمیدی مافپەروەر ئاسۆ شێخ تەھا، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە سەرپێچی دەکەن، بەمەبەستی پاراستن و چاکترکردنی ژینگە، بەشی پۆلیسی پێنجوێن لەھەڵمەتێکدا دەستیان گرت بەسەر سێ ئامێری بیرھەڵکەندندا".

ئاماژە بەوەش دراوە: "دوای ئەوەی لەلایەن ھەواڵدەرەوە ھێزەکانی بەشی پۆلیسی پێنجوێن ئاگادار کرانەوە کە چەند کەسێک خەریکی ھەڵکەندنی بیری نایاسایین لە سنووری شارۆچکەی پێنجوێن، دەستبەجێی ھێزەکانی پۆلیس پێنجوێن گەیشتنە شوێنی مەبەست و توانرا دەستبگیرێت بەسەر سێ ئامێری بیرھەڵکەندن".

ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە: "ھاوکات ھێزەکانی پۆلیسی پێنجوێن کەسێکیان دەستگیر کرد بەتۆمەتی دزی، ئێستاش تۆمەتبار بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی، ڕاگیراوە".

پۆلیس سلێمانی ڕوونیشی کردووەتەوە، کە ھەڵمەتی دەستگیرکردنی سەرپێچیکەران بەردەوامی دەبێت و ھەر کەسێک سەرپێچی بکات بە ھەڵکەندنی بیری نایاسایی، "دەستگیر دەکرێت و ڕووبەڕوی یاسا دەکرێتەوە".

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – بەشی پۆلیسی پێنجوێن، سوپاسی ھاووڵاتییانی سنووری شارۆچکەی پێنجوێن دەکات، "کە بەردەوام ھاوکاریی ھێزەکانی پۆلیسن، لە ھەر ڕووداوێکی نەخوازراو، یان گوماناوی، یان ھەر سەرپێچییەک، ھێزەکانی پۆلیس ئاگادار دەکەنەوە".











باسنيوز
Top