سەعدی پیرە: له‌گه‌ڵ پارتی هاوڕاین.. ڕوشدی: داوای گەرەنتی دەكەین

 سەعدی پیرە: له‌گه‌ڵ پارتی هاوڕاین.. ڕوشدی: داوای گەرەنتی دەكەین
گفتوگۆیەكی سەرەتایی لە نێوان پارتی و یەكێتی و هەردوو بەرەی عێراقدا كراوە، بۆ ئەوەی كوتلەی زۆرینە لە پەرلەمانی عێراق و حكوومەتی داهاتوو پێك بهێنرێت، پارتی و یەكێتییش دەڵێن: "دەبێ گەرەنتیمان بدرێتێ تا ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بكرێت و دواتر بڕیاری خۆمان دەدەین".

ئەم حەفتەیە، شاندێكی سیاسیی عێراق كە پێك هاتبوون لە رەوتی حیكمە، سائیروون و وەتەنییە، سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و لەگەڵ شاندی باڵای پارتی و یەكێتیدا كۆ بوونەوە، تا بتوانن ئەوانیش پشتگیریی كوتلەی زۆرینەی پەرلەمان بكەن، بەڵام شاندی پارتی و یەكێتی چاوەڕوانی ئەو دوو بەرەیە دەكەن كە لە عێراق دروست بوون بۆ پرسی یەكلاكردنەوەی حكوومەتی داهاتووی عێراق، بەرەی یەكەمیان (سائیروون، حیكمە و وەتەنییە و بەرەی دووەمیش دەوڵەتی یاسا و فەتح)ـن، كە هێشتا پارتی و یەكێتی بۆیان روون نەبووەتەوە كە كام بەرە زیاتر دەتوانێت لە پڕۆژەكەی ئەوانەوە نزیك بێت.

عارف ڕوشدی، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "پێویستە لەسەر كارنامەی حكوومەتی داهاتوو ڕێككەوتن بكرێت، كە هەرچی لە دەستووردا بۆ كورد دیاری كراوە، لە كارنامەی حكوومەتی داهاتوودا هەبێت، ئەوكات كورد بڕیاری خۆی دەدات، جگە لەوەش دەبێت گەرەنتی هەبێت ئەو پڕۆژەیەی پارتی و یەكێتی ئامادەیان كردووە، جێبەجێ بكرێت و بزانرێت كام كوتلە ئامادەیی تێدا هەیە خاڵەكانی پڕۆژەكە جێبەجێ بكات، چونكە ناكرێت بچینە پرۆسەیەكەوە و نەزانین داهاتووی چی دەبێت."

ڕوشدی، گوتیشی: "گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەت چڕ كراونەتەوە، چونكە دەبێ لە ماوەیەكی دیاریكراودا گەورەترین كوتلەی پەرلەمان رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەت، بۆ ئەمەش بڕیارە شاندی هاوبەشی پارتی و یەكێتی سەردانی بەغدا بكەن و لەوێش گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی حكوومەت بكەن".

مێدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە، كە هەردوو بەرەكەی عێراق سەرقاڵن و خاڵەكانی پڕۆژەكەی پارتی و یەكێتی شی دەكەنەوە، ئەیمەن شەمەری، سەركردە لە هاوپەیمانیی سائیروون، بە مێدیا عێراقییەكانی راگەیاندووە، كە گفتوگۆكانیان بەردەوامن بۆ زیادكردنی ژمارەی كورسییەكانیان و پێكهێنانی گەورەترین كوتلە بۆ دروستكردنی حكوومەتی عێراق. دەشڵێت: "سائیروون باوەڕی وایە كە هەرێمی كوردستان داواكاریی رەوای هەن لە سایەی كەموكورتیی حكوومەتی پێووشی عێراق".

هەر پێوەست بەم پرسە، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "شاندی هاوبەشی پارتی و یەكێتی سەردانی بەغدا دەكەن و لەوێش لە نزیكەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كۆ دەبنەوە و تاوتووی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق دەكرێت، بڕیارە لەوێش چەند سەركردەیەكی عێراق ببینن تا زیاتر گفتوگۆ لەو بارەیەوە بكرێت، چونكە هەردوو لامان هاوڕاین كە گرفتەكانی پێشوومان تێپەڕێنین و دووبارە رێگایەكی نوێ لە نێوان هەردوولادا بكرێتەوە".

kdp-
Top