حەشدی شەعبی زیاتر لە 160 هەزار دۆلاری کەسێکی کەرکووک دەڕفێنن
گۆڕان عەبدولڵا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووک، ڕایگەیاند: "کاتژمێر 8:00ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30\8\2018 چوار کەس کە دوانیان بە زمانی عەرەبی قسەیان کردووە و لۆگۆی عەسائیبی ئەهلی حەقی سەربە میلیشیای حەشدیان پێ بووە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بەناوی ئیبراهیم ئیسماعیل، کە نووسینگەی دراوی هەیە و دانیشتووی گەڕەکی ئیمام قاسمی شاری کەرکووکە، بڕی 160 هەزار دۆلاری ئەمریکی، لەگەڵ چوار ملیۆن دینار و ئۆتۆمبێلەکەیان دزیوە".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووک، ئەوەشی خستە ڕوو، کە دوای بەدواداچوونەکان ئۆتۆمبێلی ئەو هاووڵاتییەیان لە نزیک دەرگای فڕۆکە خانەی کەرکووک دۆزیوەتەوە.
16ی ئۆکتۆبەر، کە بەهۆی خیانەتی گرووپێکی خیانەتکارەوە، کەرکووک و خورماتوو لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەستی بەسەردا گیرا، لەم بەروارە بەدواوە، ڕووداوەکانی دزی، ڕفاندن، کوشتن لە شاری کەرکووک ڕووی لە زیادبوون کردووە.
باسنیوز
