پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتی رووی راستەقینەی چەند سەرکردەیەک ئاشکرا دەکات

 پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتی رووی راستەقینەی چەند سەرکردەیەک ئاشکرا دەکات
پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان داوا دەکات خەڵکی کوردستان رووی راستەقینەی حزبەکان ببینن.

سەروەر عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی و بەرپرسی ئینیستیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە وتارێکدا هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، هەوڵەکانی چەند حزب و لایەنێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە.

سەروەر عەبدولڕەحمان بەبێ ناوهێنانی حزبەکان و لەژێر ناونیشانی ”دەمامکە شاراوەکانی هەڵبژاردن“ بە چەند خاڵێک ئاماژەی بە ”رووی راستەقینە“ی ئەو حزبانە کردووە، کە بەم شێوەیەن؛

- ئەو حزبانە شەو و رۆژ پارتی دیموکراتی کوردستان وەك دیكتاتۆر و قۆرخكاری دەسەڵات ناودەبەن، بەڵام سەركردەكانیان بەنهێنی پەیوەندییان بە پارتی و بارزانیەوە كردووە و خۆیان دەخیل كردووە، کە هەڵبژاردنیان بۆ دوابخات!

- حزب هەیە خۆی پێ‌ پارێزەری دیموكراتییەتە، حزب هەیە خۆی پێ پارێزەری قانون و سەردەستەی گۆڕانكارییە، حزب هەیە خۆی پێ داهێنەری دادپەروەرییە، كەچی هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.

- حزب هەیە تا دوێنێ دەیگوت دەنگم دزراوە، ئێستا سەركردەكەی لەپێناو كورسییەكی دادپەروەرانەدا! بووە بە عەرابی دۆزینەوەی شێوازی ساختەكارییەكی دیموكراسی!

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی یەکێتی جەختی لەوە کردووەتەوە، خەڵکی کوردستان پێشتر ئومێدی لەسەر چەند سەرکردەیەک هەڵچنی بوو بۆ ئەوەی کوردستان بکەن بە بەهەشت، کەچی دەرکەوت بانگەشەکانیان راست نەبوو.

سەروەر عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ”قێزی دەبێتەوە“ لە باسکردنی ئەو سەرکردانە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەیەوێ ”رووی راستەقینەیان“ نیشان بدا و بۆ خەڵکی ئاشکرایان بکا، باسیان دەکات.

بڕیارە رۆژی 30/9/2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.










باسنيوز
Top