بەھۆی ڕەخنەگرتن لە گۆڕان بەڕێوەبەری کەناڵی KNN لە پۆستەکەی دوورخرایەوە
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرکردەیەکی گۆڕانەوە دەست کەوتووە، د. ئاکۆ حەمەکەریم، بەڕێوەبەری کەناڵی KNN، پاش ئەوەی لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، ڕەخنەی لە کۆبوونەوەکەی نێوان گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرتبوو، لەلایەن عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتیی گۆڕانەوە، بڕیاری دوورخستنەوەی دراوە و لە جێگەیدا شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن و گوتەبێژی فەرمیی بزووتنەوەکە، داندراوە.
د. ئاکۆ حەمە کەریم، بەڕێوبەری لەکار لادراوی کەناڵی KNN، لە نووسینێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ڕەخنەی لە عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتیی گۆڕان گرتووە و دەڵێت: ”دیمەنی دانیشتنی وەفدی بزوتنەوەی یەکێتی و گۆڕان لەو کات و شوێنەدا وەک زۆرێک لە ھەڵسووڕاوانی گۆڕان تووشی شۆک و سەرسوڕمانی کردم و دەلالەت بوو بۆ ورد نەخوێندنەوەی بارودۆخی سیاسی و حیساب نەکردن بۆ لایەنی دەروونیی ھەڵسووڕاو و دەنگدەرانی بزووتنەوەی گۆڕان“.
باسیشی لە شەوی هێرشەکەی ١٢ی ئایار کردووە و نووسیویەتی: ”ئەو شەوەی کە ھێرشکرایە سەر گردەکە، سەدان ھەڵسووڕاو و ھەواداری گۆڕان و دەیان ڕۆژنامەنووس لە (کەی ئێن ئێن و سایتی سبەی و رادیۆی گۆڕان)، ژیانی خۆیان خستبووە مەترسییەوە بۆ پاراستنی شکۆی گۆڕان و بەرگریکردن لە دەنگەکانیان، ئێستاش مافی خۆمانە کە بپرسین، رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن چیتان کرد بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانباران و گەڕانەوەی دەنگەکانمان؟“.
هەر لەو نووسینەیدا ئاکۆ حەمەکەریم ڕای گەیاندووە: ”وەک ھەڵسووڕاوێکی گۆڕان بە مافی خۆمی دەزانم، رەخنە لە رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بگرم و پێتان بڵیم ھەنگاوەکەتان دروست و دیراسەکراو نەبوو. دیارە کەس دژی دانیشتن و گفتوگۆ نییە، بەڵام گرنگە بزانیت لەگەڵ کێ دادەنیشیت و لەچ کاتێک و لەکوێ و بۆچی؟“.
دەرکردنی بەرپرسێکی میدیای گۆڕان لەسەر نووسینێکی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کاتێکدایە کە بزووتنەوەکە بەردەوام باس لە مافی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ڕەخنەگرتن دەکات.
نزیکەی ساڵێکە د. ئاکۆ حەمە کەریم وەک بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی KNN لە شوێنی عەبدولڕەزاق شەریف، بەرپرسی میدیایی بزووتنەوەکە دەستبەکاربووە
باسنیوز
