نێچیرڤان بارزانی: هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت
پاش کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی بۆ لای یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆبوونەوەیان، پرێسکۆنفڕانسێک بۆ جێگری سەرۆکی پارتی و ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ساز دا.
نێچیرڤان بارزانی لەو پرێسکۆنفڕانسەدا ڕایگەیاند کە هیچ کێشەیەکی تەکنیکی لەبەردەم چۆنیەتیی هەڵبژاردنی کوردستاندا نییە و، سەرباری ئەوەی لە کۆبوونەوەی لایەنەکاندا، باسوخواس لەبارەی ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی هەڵبژاردندا کراوە، کە لە ٣٠ـی مانگی ٩ـدا ئەندام دەدرێ، بەڵام هێشتا هیچ لایەنێک بە فەرمی باسی لە دواخستنی نەکردووە.
نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاند، چونکە دەیانەوێ بەیەکەوە بچنە بەغدا و کۆی لایەنەکان کوردستانییەکان یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن، سەردانی لایەنەکانی دیکەش دەکەن و کار بۆ ئەوە دەکەن تا بە یەک پڕۆژە دانوستان لەگەڵ بەغدادا بکەن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق و، کار بکەین لە پێناو بەدەستهێنانی دەستکەوت و پاراستنی بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا.
لای خۆیەوە سەڵاحەددین بەهائەددین گوتی، دەیانەوێ بۆچوونەکان یەک بخەن.
ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشەوە گوتی، ئەگەر بڕیار بێ کۆی لایەنەکان لەبارەی ئەنجامنەدان و دواخستنییەوە کۆک بن، ئەوا داوا لە حکوومەت دەکەن، بەڵام هێشتا وا بڕیارە هەڵبژاردن لە ٣٠ـی ٩ـدا ئەنجام بدرێ.
پەیوەست بە هاوپەیمانیی لایەنە کوردیەکان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکاندا لە داهاتوودا، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی رایگەیاند، ئەوان هاوپەیمانییان بە لاوە گرینگ نییە، ئەوەندەی یەکهەڵوێستییان لا گرینگە.
kdp-
