بەنگین رێکانی: هەندێ کوتلەی عێراقی لە ناو خۆیاندا بوونەتە دوو بەش، کابینەی داهاتوو دوادەکەوێت
ئەمڕۆ شاندێکی لایەنە شیعییەکان، کە پێکهاتوون لە سائیرون، حیکمە، نەسر، وەتەنییە، گەیشتنە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبنەوە و بڕیاریشە لەگەڵ هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی بەهاوبەشی لە بارەی چۆنییەتی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق کۆ ببنەوە.
بەنگین رێکانی، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "ئەمڕۆ شاندێکی سائیرونی رەوتی سەدر و حیکمە و نوێنەرێکی نەسر، کە ئەوان لە ناو خۆیان بوونەتە دوو بەش، کە خالید عوبەیدی سەرۆکایەتیان دەکات، هەندێ نوێنەری وەتەنییەش لەگەڵ شاندەکەدان، ئەوانیش لە ناو خۆیان بوونەتە دوو بەش، لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ دەبنەوە و دواتریش لەگەڵ هەردوو مەکتەبى سیاسی پارتی و یەکێتی بە هاوبەشی لەسەر چۆنییەتی پێکهێنانی کابینەی نوێ، کۆدەبنەوە".
وەک ئەندامەکەی شاندی دانوستانکاری پارتی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئاماژەی بۆ کرد ئەو شاندەی هاتوون بۆ هەولێر، یەکەمجارە لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بێنە ئێرا، ویستی ئەوان لەم سەردانەیان، درووستکردنی کوتلەیەکی گەورەیە لەگەڵ پارتی و یەکێتی، بەو پێیەی کە ئێمە زۆرترین کورسییەکانی هەرێمی کوردستانمان هێناوە.
بوونە دوو بەشی چەند کوتلەیەکی لایەنە عێراقییەکان، وا دەکات، کە پێکهێنانی کابینەی نوێ دوابکەوێت، هاوکات سەر ئێشەیەکیش بۆ کورد درووست دەکات، رێکانیش پێی وایە بوونە دوو بەشی ئەو کوتلانە گومانی تیا نییە، کە پێکهێنانی کابینەی داهاتووی عێراق دوا دەخات، ئەوەشی روون کردەوە، ئەو لایەنانەی بوونەتە دوو بەش لە ناو خۆیان، بە شێوەیەکی فەرمیی رایان نەگەیاندووە، بەڵام بە روونی و کرداری دوو بەشییان پێوە دیارە، تەنانەت هەندێکیان قسەش لەگەڵ یەکتر ناکەن!
پارتی دیموکراتی کوردستان سێ بنەمای سەرەکی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان راگەیاند، وەک بەشداری راستەقینە، هاوسەنگی، رێککەوتن، رێکانی ئاشکرای دەکات، کە هەر یەکە لە فەتح و دەوڵەتی یاسا و بەشێکی نەسر بە سەرپەرشتی فالح فەیاز، کە چەند کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵیاندا کردووە، بە ئاشکرا رایانگەیاندووە، لەگەڵ هەر سێ بنەماکەی ئێمەدان و رازین حکوومەتی داهاتوو لەسەر ئەو بنەمایە درووست بکرێت.
ئەو نایشارێتەوە، کە هەندێ لایەنی دیکە بە هیچ شێوەیەک رەزامەندی خۆیان لەسەر سێ بنەماکەی کورد نەداوە، کە بڵێن ئێمە لەگەڵ داواکارییەکانتانین، وەک ئەو سێ بنەمایە، تەنیا دەڵێن دەستوور جێبەجێ دەکەین، ئیدی چۆن و کەی، ئەوەش جێی پرسیارە، هاوکات لە مەڕ سەردانی کردنی ئەو شاندەی ئەمڕۆش گوتی: "نازانم چییان پێیە، بەڵکو لە کۆبۆنەوەیاندا بگەنە خاڵێکی هاوبەش".
بەنگین رێکانی جەختیشی لەوە کردەوە، ئەوان وەکو پارتی و یەکێتی، مەرجی خۆیان بۆ لایەنە عێراقییەکان لە درووستکردنی هاوپەیمانیدا هەیە، ئەویش ئەوەیە، کە ئالییەتێک و رێگەیەک بۆ جێبەجێکردنی ئەو سێ بنەمایە دیاری بکرێت، کە ساڵی یەکەم چی بکرێت، دووەم چی بکرێت، نەک تەنیا ئەوەی ئەوان بڵێن ئێمە جێبەجێی دەکەین و کات و چۆنییەتی هەنگاوەکانی دیاری نەکەن
kdp-
