هێزەکانی پەیەدە پەلاماری جێگری سکرتێری حزبێکی کوردستان دەدەن
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی ٨ی ٢٠١٨، نەجمەدین کەیاز، ئەندامی لێژنەی سیاسیی پارتی یەکێتیی کورد ڕای گەیاند، لەو ساتەوەی پەیەدە ناوچە کوردستانییەکانی لە ڕژێمی سووریا وەرگرتووە، فشار لەسەر ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی دەکات و کار لەسەر کۆتاییهێنان بە ژیانی سیاسی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، هەروەها هەموو کردەوەیەک لە دژی ئەنجومەنی نیشتمانی و حزبەکان ئەنجام دەدەن، بە (کوشتن، ڕفاندن، داخستنی بارەگاکان و سووتاندنی لەگەڵ دوورخستنەوەی کادیرە سیاسییەکان).
کەیاز ئاشکرای کرد کە هێزەکانی سەر پەیەدە هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگایەکی پارتی یەکێتیی کوردی لە شاری قامیشلۆ و پەلاماری حەسەن ساڵح، جێگری سکرتێری حزبەکەیان داوە. ئەو کردەوەشی بە “فەرمان و ڕێنماییەکانی رژێمی سووریا” لە قەڵەم دا.
هەر لەمبارەیەوە پارتی یەکێتیی کوردی لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئەوەی ڕاگەیاند کە ئەم هەنگاوەی پەیەدە، پاش ئەوە دێت کە ڕژێمی سووریا بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی موڵکوماڵی ئۆپۆزسیۆنی دەرکردووە.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە: “ئەو حزبە لەمبارەیەوە بەپێش ڕژێمی سووریا کەوتووە، لە ڕووی سووتاندن، داخستنی بارەگای حزبەکەمان و حزبەکانی دیکەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی، هەروەها دەست بەسەرداگرتنی موڵکوماڵی تایبەتی هاووڵاتییان، سەرەڕای ئەوەی میلیشیاکانی حزبەکە سکرتێری حزبەکەمانیان بۆ دەرەوەی سنوورەکان دوورخستووەتەوە”.
هەر لەو ڕاگەیاندراوەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە، سنوورێک بۆ ئەو کردەوانەی پەیەدە دابندرێت و بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافە سیاسییەکانی مرۆڤ لە قەڵەمیان داوە.
باسنیوز
