گەشتیاران: كوردستان زۆر خۆشە، هیوادارین ناوچەكانی عێراقیش وەكو كوردستان خۆش بكرێن

 	 گەشتیاران: كوردستان زۆر خۆشە، هیوادارین ناوچەكانی عێراقیش وەكو كوردستان خۆش بكرێن
گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، لە كوردستان دڵخۆشن بە ئارامی و سەقامگیری و هاوكاریی دەزگا ئەمنییەكان، بەوەی كە هەموو كارئاسانییەك كراوە تا بە كەمترین كات بگەنە شوێنی مەبەست. لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵیشدا، ملیۆنێك و ٣١٠ هەزار گەشتیار هاتوونەتە كوردستان.

تاكو دووەم ڕۆژی جەژنی قوربان، جیا لە گەشتیارە ناوخۆییەكان، 181 هەزار گەشتیار هاتبوونە هەرێم، لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵیشدا ملیۆنێك و ٣١٠ هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێم، كە ٨٢%ی گەشتیاران لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوون و ١٣% لە ئێران و ٥% لە وڵاتانی بیانییەوە هاتوونەتە كوردستان.

بە مەبەستی بەسەربردنی پشووی جەژنی قوربان، هەزاران گەشتیار لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە روویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، كردنەوەی رێگای هەولێر - كەركووكیش رۆڵێكی باشی هەبووە لە زیادبوونی ژمارەی گەشتیارەكان.

حەمیران عەلی، كە گەشتیارێكی باشووری عێراقە و لە ڕێگەی كەركووك – هەولێرەوە هاتووەتە ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "كوردستان زۆر خۆشە و زۆر شوێنی گەشتیاریی خۆشی هەیە، ئەوەش وای كردووە كە گەشتیاران بە لێشاو روو لە كوردستان بكەن و كاتە خۆشەكانی خۆیان لە كوردستان بەسەر بەرن، هیوادارین رۆژێك بێت و ناوچەكانی عێراقیش وەكو كوردستان خۆش بكرێن و گەشتیاران روو لەو ناوچانە بكەن".

سەبارەت بە كرێ و گرانی نرخی كەلوپەل لە شوێنە گەشتیارییەكان، نەشئەت جەبری گەشتیار، كە ئەویش لە خوارووی عێراقەوە هاتبووە هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "تا ڕادەیەكی باش لە ناوچە گەشتیارییەكان نرخەكان جێگیرن، ئەوەش وای كردووە كە گەشتیارێكی زۆر روو لەو ناوچانە بكەن، ئەگەر نرخەكان زیاتر داببەزێنن، گەشتیاران زیاتر روو لەو ناوچانە دەكەن، ئەمەش داهاتی گەشتیاری زیاتر دەكات".

یوونس عەلاوی، گەشتیارێكی دیكەی عێراقە، ده‌ڵێ: "ئێمە لە بەسڕاوە هاتووینەتە هەرێمی كوردستان، لەو چەند رۆژەی لە كوردستان بووین، كاتێكی خۆشمان بەسەر بردووە، خەڵكی كوردستانیش زۆر ڕێز لە گەشتیاران دەگرن، ئەوەش زیاتر ئێمەی خۆشحاڵ كردووە".

باقر بەغدایی، كە ئەویش گەشتیارێكی دیكەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ: "كوردستان ئارامە و دەزگا ئەمنییەكان و خەڵكی ناوچەكە زۆر رێز لە گەشتیاران دەگرن، بازگەكان كاری گەشتیاران دوا ناخەن، هەر ئەوەش وای كردووە كە ساڵانە دوو تا سێ جار سەردانی كوردستان بكەم، ئێستا كە من و هاوسەرەكەم هاتووین زیاتر لە چوار رۆژە لە كوردستانین و لە زۆربەی شوێنەكان گەڕاوین، چەند رۆژێكی دیكەش دەمێنینەوە و دەمانەوێت كاتێكی خۆش لە كوردستان بەسەر ببەین".
kdp-
Top