کوشتنی زەکی شنگالی برابەشیی پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگال تێک دا

 کوشتنی زەکی شنگالی برابەشیی پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگال تێک دا
بۆردومانکردنی زەکی شنگالی، بەرپرسی شنگالی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئەو پەیوەندییە بەهێزەی نێوان پەکەکە و حەشدی شەعبی و حکوومەتی عێراقی تێک دا کە ساڵانێکە لەئارا دایە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە چوارچێوەی کاردانەوەکانی پەکەکە لە بەرامبەر بۆردومانکردنی زەکی شنگالی کە ئێوارەی ڕۆژی ١٥ی ٨ی ٢٠١٨ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە کرایە ئامانج، پەیوەندیی نێوان پەکەکە و حکوومەتی عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی تێک چووە. بە تایبەتیش پاش ئەوەی کە بەرپرسانی پەکەکە بە ئاشکرا عێراق لە بۆردومانەکە تۆمەتبار دەکەن و باس لەوە دەکەن کە لە کاتی بۆردومانەکەدا، دوو کۆپتەری عێراقی لە چاودێریی کردە سەربازییەکەیان کردووە.

لەمبارەیەوە قاسم شەشۆ، فەرماندەی فەرماندەیی شنگالی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕايگەیاند، ماوەی دوو ڕۆژە پەیوەندیی نێوان پەکەکە و لایەنی عێراقی لە شنگال باش نییە و خەڵک بە ڕوونی ئەو بارودۆخەیان دیوە.

لەلایەکی دیکەوە حەیدەر شەشۆ، بەرپرسی هێزی ئێزیدخان لە شنگال، لەبارەی ئەگەری پێکدادانی نێوان پەکەکە و هێزەکانی حەشدی شەعبی لە دەڤەرەکە، ڕای گەیاند: ”حەشدی شەعبیی ئێزدییان لە شنگال ماوە و سوپای عێراقیشی تێدایە، هەر کاتێک فەرمان بۆ سوپای عێراق بێت، ئەو فەرمانە جێبەجێ دەکات“.

گوتیشی: ”ئەم بابەتە لەسەر ئەوە دەمێنێت کە ئایا حکوومەتی عێراق بە فەرمی داوا دەکات پەکەکە لە شنگال بکشێتەوە یاخود نا؟ چونکە تائێستا بە فەرمی بەغدا ئەو داوایەی نەکردووە“.










باسنيوز
Top