هەفتەی داهاتوو شاندێکی پەرلەمانی بەلجیکا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا،راگەیاند: ”لە هەفتەی داهاتوو شاندێکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەلجیکا و ژمارەیەک رۆژنامەڤانی ئەو وڵاتە، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان کۆ دەبنەوە“.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا، ئەوەشی خستە روو، کە ئەو شاندە دەیانەوێ دوایین گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لە نزیکەوە ببینن، هەروەها تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکەن و بەرچاوروونیشیان لە گۆڕانکارییەکانی عێراق لەدوای هەڵبژاردن هەبێت.
ئاشکراشی کرد، کە دوای هەرێمی کوردستان، شاندەکە سەردانی رۆژئاوای کوردستانیش دەکات و دواتریش راپۆرتێک ئامادە دەکات و لە پەرلەمانی وڵاتەکەدا دەیخوێننەوە.
bas news-
