کاکەمین نەجاڕ: لەگەڵ لایەنە ناڕازییەکانی ھەرێم کۆ دەبینەوە
بە پێی یاسا دوای پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان پێویستە لە ماوەی پانزدە ڕۆژدا سەرۆککۆمار پەرلەمان ڕابسپێرێت بۆ کۆبوونەوە. لەوبارەیەوە کاکەمین نەجاڕ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد: "ڕاستە لە ماوەی پانزدە ڕۆژدا دەبێ خولی نوێی پەرلەمان دەستبەکار بێت و یەکەم کۆبوونەوەی بەڕێوە ببات، بەڵام ھێشتا دیار نییە کەی کۆ دەبێتەوە و پێویستی بە دانوستانی لایەنەکان ھەیە، ھێشتا کوتلەی گەورەی پەرلەمانیش پێک نەھاتووە."
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: "ئێمە لە ئەمڕۆ بەدواوە خەریکی خۆئامادەکردنین و پڕۆژەی ھاوبەشی پارتی و یەکێتی ئامادەیە بۆ ئەوەی بیکەینە بنەمایەک بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان."
کاکەمین نەجار ڕوونی کردەوە: "داوامان لە لایەنە کوردستانییەکان کردووە پێکەوە کۆ ببینەوە لەبارەی بەڕێوەچوونی دانوستان لەگەڵ بەغدا، بەڵام لەبەر پشووەکانی جەژن کۆبونەوەکە نەکراوە، بەڵام خۆم باوەڕم وایە کۆبوونەوەکە بەڕێوە دەچێت."
لەبارەی ئەو دەنگویانەی باس لە نزیکبوونەوەی کوتلەی نووری مالیکی و پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرێت بۆ دروستکردنی حکوومەتی نوێی عێراق، کاکەمین نەجاڕ گوتی: "ئێمە وەک پارتی ناچینە بەغدا، بەڵکو وەک ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا دانوستان دەکەین، ھێڵی سوورمان لەسەر ھیچ کەس و لایەنێک نییە، ئێمە مەرجی خۆمان ھەیە بۆ عێراق، ئەوانیش جێبەجێکردنی دەستوور و ماددەی ١٤٠، ھەروەھا کێ بنەمای تەوازن و تەوافق جێبەجێ دەکات ئامادەین لەگەڵی بگەینە ڕێککەوتن."
kdp-
