ڕێگای نێوان هەولێر بۆ کەرکووک بە فەرمی کرایەوە

 ڕێگای نێوان هەولێر بۆ کەرکووک بە فەرمی کرایەوە
پاش ئەوەی لە نێوان شاندی هەولێر و بەغدا چەندین کۆبوونەوە لەبارەی کردنەوەی ڕێگای نێوان هەولێر کەرکووک بەڕێوە چوو، ئەمڕۆ یەکشەممە بە فەرمی ئەو ڕێگایە بە ڕووی هاووڵاتیاندا کرایەوە.



لەمبارە عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ لایەنەی بەغدا گوتی: "بەختەوەرانە دوای چەندین کۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغدا، ئەمڕۆ بە فەرمی رێگای هەولێر بۆ کەرکووک بە ڕووی هاووڵاتیاندا کرایەوە.



ئاماژەی بەوەش کرد کە بازگەیەکی هاوبەش لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پۆلیسی فیدراڵییەوە داندراوە و بە هاوبەشی بەڕێوەی دەبەن.



هەموو خەڵک لە ئەمڕۆوە دەتوانن ئازادانە هاتوچۆی پێدا بکەن، هەورەک پێشتیش باسمان کرد، لە داخستنی ئەم ڕێگایە زەرەرمەندی یەکەم تەنیا هاووڵاتی بووە، بۆیە بە بڕیارێکی گرنگ بە فەرمی کرایەوە.



عەبدولخالق تەلعەت گوتیشی: "لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە هەتا ڕێکەوتی 2018/8/25 تەنیا ئۆتۆمبێلی بچووک و تاکسی دەتوانن هاتوچۆی تێدا بکەن، لە 25ی مانگیشەوە ئۆتۆمبێلی گەورەی بارهەڵگر دەتوان هاتوچۆ بکەن.



ڕاشی گەیاند: "ئەو پردەی کە چاک کراوەتەوە، لە 65 هەتا 68 تەن قورسایی هەڵدەگرێت، بۆیە ئەو شۆفێرانەی کە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریان پێیە، لەمە ئاگادار بن و پابەندی ئەو ڕێنماییانە بن کە لەو شوێنە دەردەچێت".



لەبارەی چاککردنەوەی پردەکەوە گوتی: "پردەکە بە دوو قۆناغ و بۆ ماوەی شەش مانگ چاک دەکرێتەوە کە قوۆناغی یەکەم بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبان ئەنجامی دەدات و قۆناغی دووەمیش کە بڕی یەک ملیار دیناری دەوێت، حکوومەتی عێراق جێبەجێی دەکات".



لە دوای ڕووداوی 16ی ئۆکتۆبەر کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خەیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر پارێزگای کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیان داگیر کرد، پردی شارۆچکەی پردێ لەلایەن حەشدی شەعبییەوە تەقێندرایەوە و ڕێگای نێوان هەولێر کەرکووک لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە داخرا.




باسنيوز
Top