کێشەی ئەو پێشمەرگەیەی لە سنووری بەردەڕەش دیواری ماڵەکەی ڕووخێنرا چارەسەر کرا

کێشەی ئەو پێشمەرگەیەی لە سنووری بەردەڕەش دیواری ماڵەکەی ڕووخێنرا چارەسەر کرا


دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ڕوخاندنی دیواری خانووی پێشمەرگەیەک لەلایەن شارەوانییەوە لە سنووری شارۆچکەی بەردەڕەش دەنگدانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات کە توانراوە کێشەی ئەو پێشمەرگەیە چارەسەر بکرێت.



لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڤیدیۆی ئەو پێشمەرگەیە بەناوی "موعتەسەم" دانیشتووی گوندی "ئامیان"ی شارۆچکەی بەردەڕەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرێنت بە فراوانی بڵاوبووەوە کە تیایدا پێشمەرگەکە گلەیی ئەوە دەکات کە لایەنی پەیوەندیدار دیواری حەوشەی خانووەکەی دەڕوخێنێت لەکاتێکدا ئەو بەشداری لە چەندین شەڕی پاراستنی خاکی کوردستان کردووە.



ئومێد خۆشناو ، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کەمێک پێش ئێستا لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەردەکەوێت سەردانی ئەو پێشمەرگەیە و ماڵەکەی کردووە ، ئاشکرای دەکات کە ئێستا کێشەی ئەو پێشمەرگەیە چارەسەر کراوە.



خۆشناو ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە دوای ئاگادارکردنەوەی وەزارەتی ناوخۆ و قایمقامیەتی بەردەڕەش توانراوە کێشەی ئەو پێشمەرگەیە چارەسەر بکرێت، دەشڵێ کە بابەتەکە زۆر لە قەبارەی خۆی گەورەتر کرابوو و بەوشێوەیە نەبووە کە باسی لێوەدەکرا.

bas news-
Top