بەنگین رێکانی: کۆبوونەوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ فراوان بوون
بەنگین رێکانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: "پێشتر کۆبوونەوەکان بۆ چۆنیەتیی شێوازی پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق دووقۆڵی و سێقۆڵی بوون، بەڵام ئێستا فراوانتر بوون، دوو کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنەکان کردووە، بڕیاریشە بە ئامادەبوونی لایەنی کوردستانی ئێمە و یەکێتی و چەند لایەنێکی سوننە، سێ لایەنی شیعە، کە پێکهاتوون لە فەتح، دەوڵەتی یاسا، ٢٨ کەسیش لە نەسری کوتلەی عەبادی، کۆبوونەوەیەکی فراوان ئەنجام بدەین".
هەندێ لایەنی شیعەی وەک عەبادی و سەدر و حەکیم کار بۆ ئەوە دەکەن، کە پێکهێنانی کابینەی نوێ، لە سەر بنەمای زۆرینە بێت، هەربۆیە رێکانی ئاشکرای کرد، ئەو ٢٨ کەسەی هاوپەیمانێتیی نەسری عەبادی، بە سەرپەرشتیی فالح فەیاز کە بڕیارە لە کۆبوونەوەی فراوانی لایەنکەکان بەشدار دەبن، بۆچوونیان لەگەڵ عەبادی جیاوازە و نایانەوێت حکوومەت لەسەر بنەمای زۆرینە پێکبهێندرێت، "ئەو کەسانەش کە هاتوون بۆ بەشداری لە کۆبووەنەوەکە بێ رەزامەندیی عەبادی هاتوون، چونکە ئەوان وەک کوتلەی عەتا لە هاوپەیمانیی نەسری عەبادی، پێکهێنانی کابینەی نوێیان لەسەر بنەمای زۆرینە، پێ قبووڵ نییە، لەگەڵ عەبادییش لەناو هاوپەیمانێتییەکەیان بە ناوی نەسر، رێکنەکەوتوون لەسەر چۆنیەتیی پێکهێنانی حکوومەت و چۆنیەتیی هەڵبژاردنی کەسێک بۆ سەرۆکوەزیران".
رێکانی كه ئهندامی شاندی دانوستنكاری پارتییه، ئەوەشی روون کردەوە، بڕیارە بۆ کۆبوونەوە فراوانەکە، هەر لایەنێک کەسێک دیاری بکات، دیارە یەکێتی و پارتییش ئەویان بۆ ئەو مەبەستە دیاری کردووە، چونکە یەکێتی و پارتی وەک یەک شاند بەشداریی کۆبووەنەوەکان دەکەن، ئەو کۆبوونەوە فراوانەش وەکخۆی ئاماژەی بۆ کرد، بۆ نووسینی رەشنووسێکە، لەسەر بنەمای پرەنسیپە گشتییەکان کە چۆن هەمووان هاوپەیمانییەک پێکبهێنن بۆ درووستکردنی حکوومەت.
پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، سێ بنەمای دیاری کردووە، کە شەراکەت و تەوافوق و تەوازنە، بەنگین لەو رووەوە کە کام لایەن هاتنەپێشی لەسەر ئەو سێ بنەمایە هەیە، گوتی: "تا ئێستا ئەو چەند لایەنەی کە ئاماژەم بۆ کردووە، لەگەڵ ئەوەن دەستوور جێبەجێ بکرێت، کە ئەو سێ بنەمایەش دەستوورییە، بەپێی بەرنامەیەک کۆکن لەسەر جێبەجێکردنی ئەو سێ بنەمایە، بە ماددەی ١٤٠یشەوە".
kdp-
