ئاسایشی کەرکووک: بەڵگە ھەیە ھێزی ئەمنیی کەرکووک دەستی لە بەشێکی تاوانەکاندا هەیە
ڕەوشی ئەمنیی کەرکووک بە شێوەک تێک چووە ھیچ کەسێک ناتوانێ لە ماڵی خۆی خاوەنی ملیۆنێک دینار، یان ئۆتۆمبێلی گرانبەھا بێت، ئەمە قسەی نەقیب عەبدوڵڵای بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئاسایشی کەرکووکە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاشکرای کرد: "ھەرکەسێک خاوەنی سامانێک بێت شەو بەسەریدا دەن و لێی دەستێنن، ئەویش بە ھۆی ئەوەی ھیچ دەزگایەکی ئەمنیی بەھێز نییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی شارەکە و ئەوانەیشی مەلەفی ئەمنیی شاریان وەرگرتووە ھەر خەریکی بازرگانی و دزینی داھاتی کەرکووکن."
ئەو بەرپرسەی ئاسایشی کەرکووک پێی وایە عێراق نایەوێ کەرکووک ئارامی بە خۆیەوە ببینێت و بەسەربازگەکردنی شارەکە بەڵگەیە لەسەر ئەو پیلانەی بەغدا و دەشڵێت: "بەرپرسانی ئەمنیی کەرکووک سەقامیگریی شاریان لا گرنگ نییە و فیرقەیەکی سەربازییان ھێناوەتە نێو شار سیمای شارەکەی شێواندووە، دەیانەوێ جارێکی دیکە تەعریبێکی دیکە بەسەر کەرکووکییەکاندا بێنن، بەتایبەتی خەڵکی کورد کراوەتە ئامانج و ھەر ڕۆژەی فەرمانی گرتن و تۆمەت بۆ ژمارەیەک ھاووڵاتیی کورد دەردەکەن، تەنانەت بەشێکی پێکھاتەکانی دیکەش زۆڵم و ستەمیان لێ دەکرێت."
ئەو تاوانانەی لە کەرکووک دەکرێن، چاودێران ھێزە ئەمنییەکانی کەرکووک و گرووپەکانی حەشدی شەعبی تاوانبار دەکەن، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئاسایشی کەرکووک دەڵێت: "بەشێک لەو تاوانانەی ئێستا لە کەرکووک ئەنجام دەدرێن ھێزە ئەمنییەکان خۆیان دەستیان تێیدا ھەیە، تەنانەت دوێنێ تاوانێک کرابوو، تۆمەتباران لە نێو دەستی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق دەرچوونە و لە لایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە دەستگیر کراون."
نەقیب گۆران عەبدوڵڵا ڕوونی کردەوە: "ھەندێ تاوان ئەنجام دەدرێت ئەگەر ھێزە عێراقییەکان خۆشیان ڕاستەوخۆ دەستیان تێیاندا نەبێت، ئەوە یان بەنیوەیی دەکرێت، یانیش چاوپۆشی لە تاوانباران دەکرێت، تەنانەت بەڵگە ھەیە بردوویانە بۆ دەزگای ئەمنی کە کێ تاوانی ئەنجام داوە، کەچی ھیچ ھەڵوێستتیان نەبووە و لێپرسینەوەیان نەکردووە."
kdp-
