وەزیری کاروباری شەهیدان: بۆ گواستنەوەی مووچەی شەهیدان سەردانی بەغدا دەکەین
ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی ٨ی ٢٠١٨، مەحموود حاجی ساڵح، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارێکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی لە ئەستۆگرتنی مووچەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسیی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نامەیەکی ئاسایتەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ناردووە.
ڕوونیشی کردەوە کە لە بەرامبەردا لە ڕۆژی ٣١ی تەمووزی ٢٠١٨، لەلایەن نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە، نووسراوێک بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردراوە، تێیدا داوا کراوە، بەدواداچوونی جددی بکەن لەسەر نووسراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گواستنەوەی مووچە و ئیمتیازاتی شەهیدان بۆ سەر حکوومەتی عێراق. گوتیشی: ”ئێمە چاوەڕێی ئەو مەوعیدەین کە داواکراوە تاوەکوو بچینە بەغدا و گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەو بابەتە“.
جەختیشی لەوە کردەوە: ”واریسی کەسوکاری شەهیدان و کیمیابارانکراوان و ئەنفالکراوان ٧٩ هەزار و ١٦٠ کەسن کە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ، ئەوانە مووچە و زەوی و کرێی خوێندن و چەندان شتی دیکەیان بە شێوەی جۆراوجۆر پێ دەدرێ، مانگانە زیاتر لە ٣٤ ملیار دینار پارەیان بۆ خەرج دەکرێ“. هەروەها ئاشکرای کرد کە ٢٠ هەزار و ٥٦٣ زیندانی سیاسی هەن و لەبەردەم دادوەردا سوێندیان خواردووە، بەڵام تەنیا ٥ هەزار و ١٥٧ کەسیان مینحەی مانگانە وەردەگرن و ”مانگانە ٢ ملیار و ٥١٦ ملیۆن دینار وەردەگرن“.
بە گوتەی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، تێکڕای خەرجیی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی مانگانە ٣٧ ملیار و ٢٨٥ ملیۆن دینار دەبێت کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابەشی دەکات.
جەختیشی لەوە کردەوە کە سیستەمی مینحەی بەغدا، جیاوازی هەیە لەگەڵ کوردستان، بۆیە ”هی ئەوان چۆن بوو، وەکوو بەغدای لێ دێت“.
باسنيوز
