رۆژانە نزیكەی ھەشت ھەزار گەشتیار سەردانی كوردستان دەكەن

رۆژانە نزیكەی ھەشت ھەزار گەشتیار سەردانی كوردستان دەكەن
گوتەبێژی گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان گوتی، ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی كوردستان زیادی كردووە و رۆژانە نزیكەی ھەشت ھەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەكان دەكەن. دەشڵێ، ھۆكاری سەرەكیی زیادبوونی ڕێژەی گەشتیاران، بۆ ئەمن و ئاساییشی ھەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە.

لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعش، باشبوونی دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا، ھاتنی گەشتیاران لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق و لە دەرەوەیشەوە بۆ ھەرێمی كوردستان زۆر زیادی كردووە، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و دەستەی گشتیی گەشتوگوزاریش، پلانیان داناوە بۆ ئەوەی گەشتیاری زۆر بۆ ھەرێمی كوردستان راكێشن.

پەیوەست بەو پرسە، نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای جەژنی رەمەزانەوە ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی كوردستان زۆر زیادی كردووە و، رۆژانە پێنج تا ھەشت ھەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی ھەرێمی كوردستان دەكەن".

لەبارەی ئەوەی چ ھۆكارێك وای كردووە ژمارەی گەشتیاران زیاد بێت، ڕۆستی گوتی، چەند ھۆكارێك ھەن، كە بریتین لە ئەمن و ئاساییشی ھەرێمی كوردستان و پشووی ھاوینە و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ گەشتیاران و شوێنە گەشتیارییەكانی ھەرێمی كوردستان، كە بوونەتە ھۆكاری ئەوەی گەشتیارێكی زۆر ڕوو لە ھەرێمی كوردستان بكەن".

دەشڵێ: "٨٥%ـی گەشتیارەكان كە سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكەن، ناوخۆیین و لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێنە هەرێم، ئەوانەی دیكەش بیانین".
kdp-
Top