تاهیر عەبدوڵڵا: دۆخی ئابووریی كوردستان گەشەی كردووە
بە ھۆی ھاتنی تیرۆریستانی داعش و قەیرانی داراییەوە، ئابووریی كوردستان ڕووی لە دابەزین كرد، بە جۆرێك زۆربەی وەبەرھێنەرەكان پڕۆژەكانیان وەستا و چیی تر كاریان لەو پڕۆژانە نەكرد، كۆمپانیا بیانییەكانیش كشانەوە بە ھۆی دۆخی ئابوورییەوە، ھەروەھا زۆربوونی ئاوارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش ھێندەی تر قەیرانی ئابووریی كوردستانی زیاد كرد.
دوای نەمانی داعش و ھێوربوونەوەی ناوچەكە، جموجووڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ھەرێمی كوردستان بەرەوزیادبوونە، ئەمساڵیش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئابووریی كوردستان گەشەی كردووە، بۆ ئەم مەبەستە تاھیر عەبدوڵڵا، جێگری پارێزگاری ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دۆخی ئابووریی كوردستان گەشەی كردووە، چونكە بە پێی ئەو لێدوان و ئاماژەنە بێت، وای بۆ دەچین بارودۆخی ئابووری باشتر بێت، بەتایبەت لە ساڵی ئایندەدا، لە چاو ساڵەكانی تر ڕەوشی دارایی باشتر بووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی مانگانە فەرمانبەران مووچەی خۆیان وەردەگرن، ھەروەھا تا ڕاددەیەك لێرەولەوێ لەسەر داھاتی وەزارەتەكان ھەندێك پڕۆژە جێبەجێ دەكرێن، بەڵام لە ئاستی داخوازیی ئێمەدا نییە".
جێگری پارێزگاری ھەولێر، سەبارەت بە قەرزی بەڵێندەران ڕایگەیاند: "نیاز وایە كە قەرزی بەڵێندەران بدرێتە ئەوانەی كە شایستە داراییەكانیان لە لای ئێمەیە، بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژانە دەست پێ بكەنەوە كە وەستێندرابوون بە ھۆی قەیرانی دارییەوە، ئومێدمان ھەیە لە مانگەكانی داھاتوودا ئەمە یەكلا بكەینەوە".
تاھیر عەبدوڵڵا، ئەو ڕەوشە ئابوورییەی ئێستای گەڕاندەوە بۆ ئەو كێشانەی كە لە نێوان ھەولێر و بەغدادا هەن و پیێ وایە: "حكوومەتی نویێ عێراقی پێك بێت و قەیرانەكان چارەسەر بن، ڕەوشی ئابووریی كوردستان باشتر دەبێت، چونكە ئەو كێشە ھەڵپەسێردراوانەی نێوان ھەرێم و بەغدا، كاریگەریی ئەرێنییان دەبێ لەسەر دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان، لەبەر ئەوەی بەشیك لەو پڕۆژانە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان بوون كە لە بودجەی عێراقدا دیاری دەكرا، ئەوانە ھەمووی وەستێنراون و كاریان تێدا نەكراوە."
ھەر سەبارەت بەو لێدوانەی نێچیرڤان بارزانی، كە ڕایگەیاندبوو تەواوی ئەو باڵاخانانەی كە بە ھۆی قەیرانی داراییەوە وەستێنرابوون، دەبێ تەواو بكرێن، جێگری پارێزگاری ھەولێر ڕوونی كردەوە: "سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان زیاتر مەبەستی كەرتی تایبەتە، بۆ ئەم مەبەستەیش لیژنەیەك پێك ھاتووە و، ئاگاداریان دەكەینەوە و داوایان لێ كراوە كە تەواوی بكەن، بە پێی ئەو ڕێنماییانە و بە پێی ئەو گرێبەستەی كردوویانە لەگەڵ لایەنی تر كە مۆڵەتەكەی پێ داون".
kdp-
