"ڕۆژانە ژمارەیەك خێزانی عەرەب لە مووسڵەوە ئاوارەی ھەولێر دەبن"
ڤیان ڕەشید، بەڕێوەبەری نووسینگەی وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی ناوچەكانی پارێزگای نەینەوا ڕزگار كران لە لایەن عێراقەوە، ژمارەیەك ئاوارەی مووسڵ، ئەوانەی پێشتر ھاتبوونە ھەرێمی كوردستان، گەڕانەوە شوێنی خۆیان، بەڵام ماوەیەكە بە ھۆی كێشەكانی عێراق و تێكچوونی ڕەوشی ئەو ناوچانە، دووبارە ئەو خێزانانە دەگەڕێنەوە ھەولێر و ژیانی ئاوارەییان لا باشترە لە ڕەوشی ئاڵۆز و مەترسیداری ناوچەكانی دیكەی عێراق، ئێمە تا ئێستا ئامارێكی دروستمان لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ھەولێر نییە، بەڵام ڕۆژانە ژمارەیەك خێزان دێنەوە و حەفتانە زیاتر لە پەنجا خێزان لە مووسڵ دەگەڕێنەوە كەمپەكانی پارێزگای ھەولێر".
لە كاتی ھێرشی داعش بۆ پارێزگای مووسڵ لە ساڵی ٢٠١٤، زیاتر لە ملیۆنێک دانیشتووی سنووری پارێزگای نەینەوا ئاوارەی ھەرێمی كوردستان بوون، لە لایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیشەوە پێشوازییان لێ كراوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەو ڕۆڵەی ھەرێم لە حەواندنەوەی ئاوارەكانی عێراق بەرز نرخێندراوە، بەڕێوەبەری نووسینگەی وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە پارێزگای ھەولێر دەڵێت: "لە دوائاماردا بۆمان دەركەوتووە كە تا ئێستا ١١٨ ھەزار خێزانی ئاوارە ڕوویان لە سنووری پارێزگای ھەولێر كردووە ھەر لە سەرەتای شەڕی داعشەوە كە ژمارەی ئاوارەكان دەگاتە زیاتر لە ٦٠٠ ھەزار ئاوارە، لە ھەولێر نیشتەجێ بوونە."
ھەرێمی كوردستان سەرەڕای قەیرانی دارایی و بڕینی بەشەبودجەكەی لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە، بەڵام حكوومەت و گەلی كوردستان توانییان ئەركی مرۆڤایەتیی خۆیان جێبەجێ بكەن و ئاوارەكان نایشارنەوە كە ئەوەی ھەرێمی كوردستان لە كاتی تەنگانەدا بۆیانی كردووە، بێوێنە بووە. ڤیان ڕەشید ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "بەداخەوە حكوومەتی عێراق وەك پێویست ھاوكاریمان ناكات لە ھەندێ ڕووەوە، بۆ نموونە ماوەیەكی زۆرە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ھاوكاری پێشكەش بە كەمپەكان ناكات بۆ دابینكردنی كارەبا، چونكە كارەبای كەمپەكانمان لە ڕێگەی مووەلیدەوە دابین دەكرێت، بۆیە بڕیارمان داوە ئەگەر ھاوكاریمان نەكرێت، كارەباكە ببڕین، چونكە چارمان نییە، بەڵام لە ھەندێ ڕووەوە ھاوكارمانن لە دابینكردنی خۆراك و پێداویستیی ڕۆژانە، ھەرچی پەیوەندی بە پارەیشەوە ھەبێت، عێراق ھاوكارمان نییە".
kdp-
