كۆمسیۆن پەیڕەوی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بڵاوكردەوە
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، پەیڕەوی ژمارە (٩)ی ٢٠١٨ی تایبەت بەدەنگدان و جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی بڵاو كردەوە.
بەپێی پەیڕەوەکە، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کاتژمێر ٨ی بەیانی تا کاتژمێر ٦ی ئێوارە دەخایەنێت، دوای تەواوبوونی وادەکە، کەس مافی دەنگدانی نامێنێت.
هەروەها كۆمسیۆن لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا لە دوای ئەنجامدانی دەنگدانەكە، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكان بڵاودەكاتەوە.
بەپێی پەیڕەوەكەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، پرۆسەی جیاکردنەوە و ژماردنەوەی دەنگەکان لە وێستگە و بنکەکانی دەنگدان بەئامادەبوونی نوێنەرانی قەوارە سیاسییەکان بەڕێوەدەچێ.
كۆمسیۆن رێگە بەبردنە ژوورەوەی ئامێرەکانی وێنەگرتن بۆ وێستگە و بنکەکانی دەنگدان نادات، بەکارهێنانی ئامێرەکانی مۆبایل لەنێو وێستگەکانی دەنگداندا قەدەخەیە.
لە خوارەوە دەقی پەیڕەو و مەرجەكان بخوێنەوە:
bas news-
