سەرەڕای هەندێك تێبینی، پارتی پابەند دەبێت بە بڕیارەكانی دادگاوە

 	 سەرەڕای هەندێك تێبینی، پارتی پابەند دەبێت بە بڕیارەكانی دادگاوە
ئەندامێكی خولی سێیەمی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی پارتی زۆر تێبینیی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەبوو، كە دەنگێكی زۆری پارتی حیساب نەكرا و دەنگی ئاوارەكان سووتێندرا، بەڵام پاش پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەلایەن دادگای ئیتحادییەوە، دەبێ هەموو لایەنەكان پێوەی پابەند بن.

لە 12ی 5ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، پارتی توانی 25 كورسی بە دەست بهێنێت و ببێتە لیستی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستاندا، سەرەڕای هەژمارنەكردنی دەنگی خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی مووسڵ، لەگەڵ ئەوەی لە سلێمانی دەنگێكی زۆری پارتی برا، بەڵام پارتی پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەكانی دادگاوە دەربڕیوە، وەلێ هەندێك لایەنی ناڕازی، ئەنجامی هەڵبژاردنەكان قبووڵ ناكەن و پابەندی بڕیارەكانی دادگا نابن.

ئەشواق جاف، ئەندامی خولی سێیەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ناڕەزایی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەبوو، بە پێی یاسا و دەستوور دەبووایە ئەو ناڕەزاییە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردنی 2018 یاساكە هەموار كرایەوە، ئێستا كە ئەنجامی دەستیی دەنگەكان راگەیێندراوە، كاتێك دادگای ئیتحادی پەسەندی كرد، دەبێت هەموو لایەنەكان پێوەی پابەند بن، كەواتە بڕیاری كۆتایی لای دادگای ئیتحادییە، ئەگەر ئەنجامەكەی پەسەند كرا، كەواتە دەبێت هەموو لایەنەكان پێوەی پابەند بن، ئەگەر ڕەتیشی كردەوە، دەبێ هەر پابەند بن، سەرەڕای هەبوونی هەندێك تێبینی لەلایەن پارتییەوە، بەڵام بەپێی دەستووری عێراقی بڕیارەكانی دادگا یەكلاكەرەوەن".

جاف، گوتیشی: "عێراق داهاتوویەكی ڕوونی نییە، بە حوكمی ئەوەی لە ماوەی رابردوودا خەڵك زۆر دڵی لە حكوومەت شكا، چونكە جگە لە بەڵێن زیاتر هیچی دیكەی بۆ خەڵك پێ نەبووە، ئێستایش پێش دانیشتنی پەرلەمان و تەشكیلی حكوومەت، خەڵك متمانەیان بە حكوومەت نییە، بە حوكمی ئەوەی ئەو كێشانەی كە لە ناوچەكەدا هەن، ئەو قسانەی كراون و جێبەجێ نەكراون، ئەو تۆمەتانەی حزبە سیاسییەكان خستوویانەتە پاڵ یەكدی، داهاتووی عێراق روون نییە، ئێستایش ئەو وڵاتانەی كە ململانێیان لەسەر خاكی عێراق هەیە، ململانێكانیان قووڵتر بوونەتەوە، ئەوەش كاریگەریی نەرێنیی لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق دەبێت".
kdp-
Top