"عێراقییەکان متمانەیان بە دەسەڵاتداران نەماوە"
ڕێناس جانۆ، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەداخەوە لە ماوەی پانزە ساڵی ڕابردوودا ھەرچیی کەناڵی پێوەندیی نێوان ھاووڵاتی و دەسەڵاتدارانی عێراق بووە پچڕاوە و ھیچ متمانەیەک لە نێوان ھاووڵاتی و دەسەڵاتدارانی عێراقدا نەماوە، ئەمە پانزە ساڵە میللەتانی عێراق چاوەڕێی بەرەوباشتربوونی ڕەوشی وڵاتن، کەچی پێچەوانەکەیان چنییەوە، ئەویش پەراوێزخستنی ھاووڵاتییانە لە لایەن ئەوانەی دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە، ئێستاش بەداخەوە ئەوانەی سەر بە دەسەڵاتن زۆر بە خراپی مامەڵە لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی عێراق دەکەن، بەوەی دەڵێن خزمەتگوزاری کاری ئێمە نییە و دەبێ بەرگری لە ئایدیۆلۆژیای مەزھەبیی خۆیان بکەن، ئەمەش زیاتر خەڵک ھان دەدات بەرەو تۆندوتیژی بچن."
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق دەڵێت: "من پێشبینی دەکەم نە حکوومەت دەتوانێت دەمودەست ئەو ھەموو داخوازییەی خۆپێشاندەران جێبەجێ بکات، کە پێک ھاتووە لە ژمارەیەک کەرتی گرنگی ژیان، وەک پەروەردە و ئاو و تەندروستی و دابینکردنی ھەلی کار، بەتایبەتی ئەو حکوومەتەی ئێستا کە زیاتر کاربەڕێکەڕە و توانای دابینکردنی خزمەتگوزاریی سنوردار بووە."
خۆپێشاندەرانیش ئەوەندە پشوودرێژ نین تا چاوەڕێی حکوومەت بن بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکەیان، چونکە متمانە لە نێوان ھاووڵاتی و حکوومەتدا نەماوە و جەماوەری عێراق ڕێگە نادەن ئەو یارییە سیاسییەی لە عێراق بەڕێوە دەچێت، کۆتایی بێت، دەرەنجام پێم وایە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕەوشی عێراق بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت و من گەشبین نیم بە داھاتووی عێراق، ئەگەر بێت و دەسەڵاتدارانی عێراقیش کۆڵ بدەن لە جێبەجێکردنی داخوازیی خۆپێشاندەران، ڕەوشی عێراق زیاتر بەرەو خراپی دەچێت."
kdp-
