پرۆفیسۆر کۆچەر بیرکار پەیامێک بۆ گەلی کورد دەنێرێت

 پرۆفیسۆر کۆچەر بیرکار پەیامێک بۆ گەلی کورد دەنێرێت
زانای ناوداری جیهانی لە بواری بیرکاری پەیامێک بۆ گەلی کورد و خانەوادەکەی دەنێرێت.

لە پەیامەکەیدا، کە درەنگانی شەوی پێنجشەممە 9/8/2018 لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، کۆچەر بیرکار، زانای کوردی ناوداری جیهانی سوپاسی دایک و باوک و بنەماڵەکەی و هەموو ئەو کەسانە دەکات، کە ”ڕۆژێ لە ڕۆژان شتێکیان لێ فێر بووبم یا بە جۆرێ یارمەتییان یابم“.

کۆچەر بیرکار سوپاس و رێزی خۆیشی بۆ هاووڵاتییانی کوردستان و ئەو کەسایەتییە سیاسی، رۆشنبیری و.. هتد. دەردەبڕێت، کە خۆشحاڵیی خۆیان بە وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی بیرکاری لەلایەن ئەوەوە، دەربڕیوە.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە، کۆچەر بیرکار لە بەرازیل خەڵاتی نۆبڵی بیرکاری وەرگرت و دوای وەرگرتنی خەڵاتەکەش، رایگەیاند، ”هیوادارم خەڵاتەکە بزەیەک بخاتە دڵی 40 ملیۆن کورد".

دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە لەلایەن کۆچەر بیرکارەوە، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا، جگە لە شانازیکردن بەو زانا کوردە، رایگەیاند، ”من یەکێکم لەو چل ملیۆن کوردەی زۆر بەو سەرکەوتنەتان خۆشحاڵم و شانازییت پێوە دەکەم“.

دواتر لە گوندی نێی شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە زێدی ئەو زانا کوردەیە، وێنەیەکی گەورەی سەرۆک مەسعود بارزانی و کۆچەر بیرکار لە مەیدانی ناوەڕاستی گوندەکە هەڵواسرا و کەسوکاری بیرکار و خەڵکی گوندەکە خۆشحاڵیی خۆیان بە خەڵاتەکە و پەیامەکەی سەرۆک بارزانی نیشان دا.


پڕۆفیسۆر کۆچەر ماوەی چەند ساڵێکە وەک پەنابەر چووەتە بەریتانیا و ئێستە لە زانکۆی کەمبریج لەم وڵاتەدا مامۆستایە. پێشتریش خەڵاتی لورهۆڵمی لە بواری بیركاریدا بردووەتەوە.










باسنيوز
Top