بە رێوڕەسمێک تەرمی هاوسەری هەژاری شاعیر بە خاک سپێردرا

بە رێوڕەسمێک تەرمی هاوسەری هەژاری شاعیر بە خاک سپێردرا
بە رێوڕەسمێکی شایستە، تەرمی هاوسەری هەژاری شاعیری کورد، لە شارۆچکەی پیرمام بە خاک سپێردرا.

سەرلەبەیانیی رۆژی هەینی 10/8/2018، تەرمی خاتوو مەعسومە ئەحمەدی، هاوسەری عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی (هەژار موکریانی)، بە ئامادەبوونی کەسوکارەکەی و ژمارەیەک سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستان و فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە، بە خاک سپێردرا.

خاتوو مەعسوومە ئەحمەدی کاتژمێر 10ـی شەوی چوارشەممە 8/8/2018 لە تەمەنی 89 ساڵیدا لە هەولێر کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسیەتی خۆی، لە گۆڕستانێکی شارۆچکەی پیرمام بە خاک سپێردرا.

پێشتر زاگرۆس شەرەفکەندی کوڕی مامۆستا ھەژار ڕایگەیاندبوو، خاتوو مەعسوومە لە ساڵی 1929 لە گوندی (نۆبار)ی شاری بۆکان. لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە.

دوای رووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، هەژار ناچار بووە بەرەو باشووری کوردستان بێت و ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکەی و برایەکی هەژاری شاعیر کەوتووەتە ئەستۆی خاتوو مەعسومە و پشتیوانێکی سەرەکیی ئەو شاعیرەش بووە لە نووسینەکانی.

ڕێکخراو و ئۆرگانە جیاجیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵانی ڕابردوودا لە بەخێوکردن و پێڕاگەیشتنی پزیشکیی خاتوو مەعسوومەدا دەوری بەرچاویان بینوە و ئەرکی خۆیان بە باشی بەجێ گەیاندووە.

بەرھەمی ژیانی ھاوبەشی مام ھەژار و خاتوو مەعسوومە چوار کوڕە بەناوەکانی شێرکۆ، خانی، مستەفا و زاگرۆس.

هەژار موکریانی (1921- 1991)، لە شاری مەهاباد لەدایک بووە. شاعیر، وەرگێڕ، نووسەر و مێژوونووسێکی کوردە و یەکێک بوو لە بەشدارانی کۆماری کوردستان. چەندین ساڵ هاوسەنگەری جەنەڕال مستەفا بارزانی، رێبەری شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی کوردستان لە سەدەی رابردوو، بووە.










باسنیوز
Top