ئەوقاف هۆشداریی دەداتە وتاربێژانی هەینی
بۆردی ڕێکخستنەوەی وتاری ھەینی لە وەزارەتی ئەوقاف لە ڕوونکردنەوەیەکدا، ڕای دەگەیەنێت، ئامانج لە پرۆسەی ڕێکخستنەوەی وتاری ھەینی خزمەتکردنە بە مامۆستایان و باشتر گەیاندنی پەیامی وتارە و مەبەست لێی سنووردارکردنی ئازادیی مامۆستا نییە، وتاری پێشنیازکراو بەسەر مامۆستا ئاینییەکان ناسەپێندرێت ”تەنھا بۆ سوود وەرگرتن و بەرچاو ڕوونییە“.
هەروەک لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، ھەموو ھەفتەیەک سێ ناونیشان بۆ مامۆستایان دادەنرێت، ”وتاربێژ ئازادە لەسەر ھەریەک لەم سێ بابەتە وتار ئامادە بکات و بەشێوازی خۆی دایبڕێژێت، ئەگەر بە پێویستی زانی بابەتێک یان پرسێکی گرنگ لە ناوچەکەیدا ھەیە دەتوانێت لە وتارەکەیدا تێھەڵکێشی بکات".
بۆردی ڕێکخستنەوەی وتاری ھەینی لە وەزارەتی ئەوقاف هۆشداریش دەداتە مامۆستایانی ئاینی، کە پێویستە لە وتارەکانیان ”ناوزڕاندن و جوێن و زمانی زبر و تەکفیر و تەفسیقی“ کەسی تێدا نەبێت، جگە لەوەش نابێ وتاربێژ لە وتاری هەینیدا فەتوا بدات، چونکە ”وتاری ھەینی شوێنی فەتوادان نییە“.
لە روونکردنەوەکەدا، بۆردی رێکخستنەوەی وتاری هەینی داوای پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ھێمنی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە مامۆستا ئاینییەکان دەکات و بە ”ئەرکە لەپێشینەکانی وتاربێژە" دایدەنێت.
وەزارەتی ئەوقاف جەخت لەوەش دەکاتەوە، کە نابێ وتاربێژان ”بێڕێزی بە مرۆڤ و پیرۆزییەکان و ئاین و مەزھەبەکان“ بکەن و بە شێوازێکی نەرم و نیان ھەڵەکان ڕاستبکەنەوە و ڕەخنەی بونیادنەر بگرن.
باسنیوز
