ئایدن مەعرووف: پێكهێنانی هێزی چەكداری بەرەی توركمانی لە كەركووك پڕوپاگەندەیە
بەپێی زانیارییەكان ئێستا باسوخواسی پێكهێنانی ئەو هێزە چەكدارییەی بەرەی توركمانی لە كەركووك بووەتە رۆژەڤی حزبە سیاسییەكان، هەروەها بەشێك لە هاووڵاتیانیش و چاودێرانی دۆخی كەركووكیش پێیان وایە پێكهێنانی هێزی چەكداری تایبەت بە حزب نایاساییە.
لەم بارەیەوە، ئایدن مەعروف، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بەرەی توركمانی،ڕایگەیاند: "پێكهێنانی هێزی چەكداری لەلایەن بەرەی توركمانییەوە لە كەركووك پروپاگەندەیە و بەرەی توركمانی حزبێكی مەدەنییە، هەرچەندە توركمانەكان پێشتر داوایان لە حكوومەتی عێراق كردبوو كە هێزێكی چەكداری بێلایەن پێكبهێنرێت بۆ پاراستنی توركمانەكانی لە كەركووك".
سەبارەت بە حەشدی توركمانی لە كەركووك و خورماتوو، ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی، گوتی: "ئەو كەسانە بەشێكن لە حەشدی شەعبی و ئێستا لەناو حەشدی شەعبی حەشدی توركمانی و مەسیحی و شەبەكیش هەیە و ئەوانە دیارە لەدژی داعش دروست كراون و هەموویان لەناو دەستەی حەشدی شەعبیدان و لە ناوچەكانی خۆیان حزووریان هەیە، بەڵام هیچ پەیوەندییەكیان بە بەرەی توركمانییەوە نییە".
باسنیوز
