راگەیەندراوێک لە یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانەوە

 راگەیەندراوێک لە یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانەوە
یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان راگەیەندراوی کۆتایی کۆنگرەی هەشتەم (کۆنگرەی پێشمەرگە)ی رێکخراوەکە، بڵاو دەکاتەوە.

رۆژی سێشەممە 7/8/2018، کۆنگرەی هەشتەمی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر بە چاودێریی سەرۆک مەسعود بارزانی دەستی بە کارەکانی کرد و درەنگانی شەوی چوارشەممە 8/8/2018 و لە رۆژی دووەم و کۆتایی کۆنگرەکەدا، ئەندامانی کۆنگرە ستافێکی نوێیان بۆ سکرتاریەتی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، هەڵبژارد.

لە راگەیەندراوەکەدا، یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بە وتارەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی لە یەکەم رۆژی کۆنگرەدا کردووە و رایگەیاندووە، سەرۆک بارزانی لە وتارەکەیدا ”تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگ و بەهێزی لاوان لە کۆمەڵگادا، هاوکات بەشێکی دیکەی وتارەکەی تایبەت بوو، بە ڕەوشی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان“.

یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوەکەدا راشی گەیاندووە، کە لە کۆنگرەی پێشمەرگەدا، (ئامانج و کارنامە)ی نوێی یەکێتییەکە پەسەند کرا.

هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆتاییەکانی کۆنگرەدا، یەکێتیی لاوان جەختی لە پەروەردەکردنی لاوان بە بیری نەتەوەیی، نیشتیمانی و پەروەردەکردنی زهنیان لە سەر لێبوردەیی و پێکەوەژیان و یەکتری قبوڵکردن و کارکردنی ستافی نوێی سکرتاریەت بەو ئامانجانە، کردەوە.

یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان رێکخراوێکی جەماوەریی پارتی دیموکراتی کوردستانە. لە ساڵی 1953 دامەزراوە و گرنگیی بە تواناکانی لاوانی کوردستان دەدات و پاڵپشتیی بەرەو پێشبردنیان دەکات.

دەقی راگەیەندراوی کۆتایی کۆنگرەی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان:

ڕاگەێندراوی کۆتایی کۆنگرەی هەشتەمی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان

ڕۆژانی 7 و 8 ی ئابی 2018، له هەولێری پایتەخت، لەژێر چاودێری و بەئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، هەشتەمین کۆنگرەی خۆی لەژێر ناوی کۆنگرەی پێشمەرگە بەست.

لە ڕۆژی یەکەم پاش مەراسیمی دەسپێکی کۆنگرە، لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە وتارێک پێشکەشکرا، کە جەنابیان وێڕای پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرە و هیوا خواستن بۆ سەرکەوتنی، لەبەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگ و بەهێزی لاوان لە کۆمەڵگادا، هاوکات بەشێکی دیکەی وتارەکەی تایبەت بوو، بە ڕەوشی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان.

دواتر وتاری دەستەی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و وتاری لاوانی هەرچوار پارچەی کوردستان پێشکەشکرا.

هەمان ڕۆژ ئێوارەکەی کۆنگرە درێژەی بەکارەکانی خۆیدا ، لێژنەی سەرپەرشتی کۆنگرە لەلایەن ئەندامانی کۆنگرە هەڵبژێردرا، دواتر ڕاپۆرتی گشتی کۆنگرە خوێندرایەوە،.

تا ڕۆژی دووەمی کۆنگرە سەرجەم بڕگەو بابەتەکانی (ئامانج وکارنامەی لاوان) لەلایەن ئەندامانی کۆنگرە تاو و توێکرا و گفتو و ڕاگۆڕینەوە و سەرنج و تێبینی، بەکۆی دەنگ( ئامانج و کارنامەی )تازه پەسنکرا.

دواتر چەند ڕاسپاردە و بڕیار و پێشنیار، کە سەرجەمیان خۆیان لە پەروەردەکردنی لاوان بە بیری نەتەوەیی و نیشتیمانی و پەروەردەکردنی زهنیان لە سەر لێبوردەی و پێکەوەژیان و یەکتری قبوڵکردن دەبینیەوە، ئامادەکران بۆ ستافی داهاتووی مەکتەبی سکرتاریەت، لە پێناو پێشخستنی زیاتری ڕێکخراوەکە و ئایندەیەکی باشتر بۆ لاوان.

لە ئێواری ڕۆژی دووەمدا کۆتا کارەکانی کۆنگرە بەڕێوەچوو، که ئەویش کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بوو، بۆ هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێی مەکتەبی سکرتاریەت، دواجار لە پڕۆسەیەکی دیموکراسی و ئازادانە، بە پیادەکردنی سیستەمی بازنەیی پارێزگاکان، نۆ کارگێڕی سکرتاریەت و سێ یەدەگ هەڵبژێردران و کۆنگرە سەرکەوتوانە کۆتایی بەکارەکانی هێنا.



کۆنگرەی هەشتەمی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان

کۆنگرەی پێشمەرگە

هەولێر

8ی ئابی 2018










باسنيوز
Top