د. مەحموود عوسمان: عێراق پابەند نەبێت، زەرەر دەكات
دوای ئەوەی ئەمەریكا سزای دیكەی بەسەر وڵاتی ئێراندا سەپاند، سەرۆككۆماری عێراق لە چاوپێكەوتنێكیدا، گوتی: "بارودۆخی عێراق و سرووشتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران، وا دەكەن بۆ ئێمە سەخت بێت پابەندی سەپاندنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران بین". ئەمەش ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە، ناوبراو نەیەوێت عێراق پابەند بێت، بە دوای ئەویشدا سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی وێڕای ئەوەی سەپاندنی سزای بەسەر ئێراندا بە خراپ ناو برد، راشیگەیاند، لە پێناو بەرژەوەندیی گەل و وڵاتدا، پابەندی بڕیارەكانی ئەمەریكا دەبن.
لەوبارەوە دكتۆر مەحموود عوسمان گوتی، دوابڕیار لە دەست عەبادییە بۆ پابەندبوونی عێراق بە بڕیاری ئەمەریكاوە لەمەڕ سزاكانی بۆ سەر ئێران، نەك سەرۆككۆمار، چونكە سەرۆككۆمار سوڵتەی نییە و تەنیا پۆرۆتۆكۆڵییە.
عوسمان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان باوەڕی وایە، کە "ئەگەر عێراق پابەند نەبێت، زیانی بەردەكەوێت، ئەویش بەوپێیەی ئەمەریكا دەڵێت، هەر وڵاتێك، یا كۆمپانیایەك بازرگانی لەگەڵ ئێراندا بكات، ئێمە پەیوەندی لەگەڵدا دەپچڕێنین، یان سزای ئەو لایەنەش دەدەین"، پێیشی وایە عەبادی لەبەر ئەو هۆكارە پابەندبوونی وڵاتەكەی بە بڕیارەكانی ئەمەریكاوە راگەیاندووە.
لە دوای سەپاندنی سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێراندا، ئەو وڵاتە تووشی بارودۆخێكی ئابووریی لاواز بووە، تەنیا دەروازەی وشكانیی بۆ مابێتەوە، عێراقە، دكتۆر مەحموود چوونەژێرباری وەها بڕیارێكی ئەمەریكا لە لایەن عێراقەوە بە ئاسان نابینێ، بەڵام پێی وایە، ئەمەریكا رەچاوی بارودۆخی عێراق دەكات، وەلێ نەك سەدا سەد، چونكە عێراق بۆ ئێران گرینگیی خۆی هەیە، هاوكات بۆ ئەمەریكایش بایەخی خۆی هەیە، بۆیە دەبێت عێراق لەم كاتەدا و سەبارەت بەو سزایانەی ئەمەریكا بۆ سەر ئەو وڵاتەدا، جۆرێك سیاسەت بكات، نە ئەمەریكا دژ بێت، نە كاردانەوەی نەرێنیی ئێرانیش بۆ سەر عێراق دروست ببێت.
هەرچی پێوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە و، دەبێ حکومەتی هەرێم چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی ڕاگرتنی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران لە چوارچێوەی بڕیاری گەمارۆی ئابووریی ئەمەریکادا بکات، دوێنێ سێشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بڕیارەکانی عێراقدا هەنگاو دەنێ.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی "ئەو مەسەلەیە تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان نییە و مەسەلەکە پەیوەندی بە هەموو عێراقەوە هەیە. بۆیە ئێمە ئەو یاسا و ڕینماییانە جیبەجێ دەکەین کە لە عێراقەوە دەردەچن و تا ئێستایش نازانین مامەڵەی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق لەسەر ئەو بابەتە چۆن دەبێ."
نێچیرڤان بارزانی زۆرتر لەسەر ئەو پرسە هەستیارە دوا و ڕایگەیاند "ئێمە دەبێ بۆمان ڕوون ببێتەوە و مافی خۆمانە ئەوە بزانین هەم وەک عێراق و هەم وەک هەرێمی کوردستان. مەبەستی ئێمە ئەوە نییە گەمارۆی سەر ئێران بشکێنین، ئێمە دەبێ بزانین پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە و سنوورێکی دوورودرێژمان هەیە، دەبێ بزانین ئەوەی مەبەستە و نابێ بکرێت، چییە؟ لەو چوارچێوەیەدا هەنگاوەکانمان دەنێین و لەگەڵ بەغدا پێکەوە ئەو هەنگاوانە جیبەجێ دەکەین."
kdp-
