پەرلەمان پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی دابێت پەسەند دەكات
شیرین حوسنی، ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی كوردستان، بۆماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دهڵێ: "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بەشی نۆیەم، پێویستە ھەموو ساڵێك حكوومەت لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمدا پڕۆژەبودجەی خۆی رادەستی پەرلەمان بكات، تا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بكرێت و بەپێی ئەو یاسایە پارە خەرج بكرێت، بە داخەوە بە ھۆی قەیرانی دارایی و بڕینی بودجەی ھەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، لە ساڵی ٢٠١٤ بە دواوە ھەرێمی كوردستان بودجەی نەبووە، ئێستا سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان داوای لە دارایی كردووە پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵی دابێ ٢٠١٩ ئامادە بكات، چونكە ئەمساڵ رەوشی دارایی حكوومەت باشترە و پێویستی بە ئامادەكردنی پڕۆژەبودجە ھەیە".
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ھەرێمی كوردستان لە ئێستادا چەند داھاتێكی جێگیری ھەیە، لەوانە ئەو ٣١٧ ملیار دینارەی لە بەغداوە دێت، ھەروەھا ئەو داھاتەی لە فرۆشتنی نەوت دەست ھەرێمی كوردستان دەكەوێت، بۆیە دەخوازێت پڕۆژەیاسای بودجەی ئامادە بكرێت".
حوسنی هەروەها روونی كردەوە: "ئەگەر تا سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ پڕۆژەیاسای بودجەی ھەرێمی كوردستان بگاتە دەستی پەرلەمان، ئەوە لەلایەن پەرلەمانەوە كار بۆ پەسەندكردنی دەكرێت، چونكە خولی ئێستای پەرلەمان تا رۆژی ٦/١١ بەردەوام دەبێت و دەتوانین پڕۆژەیاسای بودجە لە ماوەی مانگێكدا پەسەند بكەین و حكوومەت كاری لەسەر بكات".
kdp-
