عوسمان ئۆجەلان: ئێستا هیچ ئومێدێك بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە باكوور لە ئارادا نییە
ئەمڕۆ چوارشەممە 8/8/2018، عوسمان ئۆجەلان، سیاسەتمەداری دیاری باكووری كوردستان، ڕایگەیاند: "ئێستا لە باكووری كوردستان و توركیا هیچ هیوایەك بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە ئارادا نییە و لەم قۆناغەدا هیچ لایەك بۆ ئاشتی ئامادە نییە، واتە پرۆژەیەكی ئاشتیی ناوخۆی ئەمڕۆ لە توركیا لە رۆژەڤدا نییە، هەروەها بە تایبەت لە دوای هەڵبژاردنەكانی ئەم دوایەی توركیا دەسەڵاتدارانی توركیا هیچ ئومێدێكیان بە كورد نەداوە بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد، بەڵكوو بەپێچەوانەوە كار دەكەن".
گوتیشی: "ئێستاش پارتی دادوگەشەپێدان لەبەرنامەیدا نییە كە دۆزی كورد بە ڕێگای ئاشتی چارەسەر بكات".
عوسمان ئۆجەلان، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لەم قۆناغەشدا پێویستە كورد لەگەڵ دونیای دەرەوەدا تێكۆشانی سیاسی پێش بخات، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕای دونیا بەلای خۆیدا ڕابكێشێت و لەو ڕێگایەوە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی بدات".
هاوكات، ئەوەشی خستە ڕوو: "ئێمە هەرگیز لەگەڵ شەڕدا نین، چونكە ڕێگای شەڕ، رێگای داگیركەرانە و ئەوانەی كە هەوڵ دەدەن كوردان بخەنە ناو شەڕەوە، ئەوا لەو ڕێگایەوە دەیانەوێت كورد لاواز بكەن، پێویستە لە دژی ئاڵای داگیركاری و شەڕ، كورد ئاڵای ئاشتی و سیاسی بڵند بكات و لەو ڕێگایەوە بەدوای وەرگرتنی مافەكاینیەوە بێت".
باسنیوز
