کۆمسیۆن بۆ وەرگرتنی فەرمانبەری سەر سندووقی هەڵبژاردن کۆمەڵێک مەرجی خستە ڕوو

 کۆمسیۆن بۆ وەرگرتنی فەرمانبەری سەر سندووقی هەڵبژاردن کۆمەڵێک مەرجی خستە ڕوو
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، ژمارەیەک مەرجمان بۆ وەرگرتنی فەرمانبەری سەر سندووقەکانی دەنگدان هەیە و پێویستە ئەو کەسانەی کە داواکاری پێشکەش دەکەن، ڕەچاوی ئەو مەرج و خاڵانە بکەن.

شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە پێویستە ئەو کەسەی دەکرێتە بەپرسی وێستگە، یان بنکە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەبێت، هەروەها ئەولەویەت دەدرێت بە بەرپرسی یاسایی بۆ بەرپرسی وێستگە.

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو کەسەی بەرپرسی ناسینەوەیە بە لانیکەم دەبێ بڕوانامەی دیپلۆمی هەبێت، هەروەها ئەو کەسەی دەکرێتە سەرچاوەی بەڵگەکان دەبێ بە لایەنی کەم بڕوانامەی ئامادەی هەبێت، بۆ پشکنینیش کەسەکە دەبێ بە لایەنی کەم نۆی بنەڕەتی بێت.

ڕوونیشی کردەوە، کە مەرجە و پێویستە ئەو کەسەی داواکاریی پێشکەش دەکات، ژمارەی دەنگدەر و بنکەی دەنگدان بزانێت، بۆ ئەوەش زانیارییەکانی لە دوو ڕێگاوە دەست دەکەوێت، یان نزیکی بنکەی دەنگدان بێت، یان لە ڕێگای مەڵپەڕی کۆمسیۆنەوە کە لینکێک هەیە بەناوی تۆماری ٢٠١٨ دەتوانێت سەردانی ئەوە بکات.

گوتەبێژەکەی کۆمیسیۆن بە پێویستی دەزانێت هەموو ئەو کەسانەی وەردەگیرێن تۆماری دەنگدانی خۆیان لەو بنکەیە بێت، یان نزیکترین بنکە بێ لە شوێنی نیشتەجێبوونی، هەروەها دوای وەرگرتنی فەرمانبەر پێویستە وێنەک لە فۆرمەکەی بێنێت بە مەبەستی گرێبەستکردن لەگەڵیدا.

ئاشکراشی کرد: "تەنیا ئەو کەسانە بۆیان هەیە داواکاری پێشکەش بکەن کە فۆرمەکەیان هی هەرێمی کوردستانە".

بڕیارە ڕێکەوتی 2019/9/30 پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت و کۆمسیۆن و لایەنەکانیش هەموو ئامادەکارییەکیان لەمبارەوە کردووە.










باسنيوز
Top