بازیانی: تا عێراق نەبێتە سێ هەرێم یان سێ دەوڵەت ئارامی بە خۆیەوە نابینێت

 	 بازیانی: تا عێراق نەبێتە سێ هەرێم یان سێ دەوڵەت ئارامی بە خۆیەوە نابینێت
سەرۆكی حزبی بزاڤی چاكسازی و گەشە دیاری كرد، باشترین چارە بۆ عێراق ئەوەیە سێ هەرێم، یان سێ دەوڵەت لە ناوچەكە دروست ببن، ئەو كاتە عێراق ئارامی بە خۆیەوە دەبینێت و هەموو پێكهاتەكان بە مافەكانی خۆیان دەگەن.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە لە ساڵی 2003، كورد بەشداریی لە ئاوەدانكردن و دامەزراندنی حكوومەتی عێراق كرد، بە مەبەستی ئەوەی لە ڕێگەی حكوومەتی نوێی عێراقەوە بە مافە ڕەواكانی خۆی بگات، بەڵام حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بەردەوام گوشار دەخەنە سەر هەرێمی كوردستان و ئامادە نین مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان دابین بكەن، لە ساڵی 2014 بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانیان بڕی، ساڵی ڕابردوو بە تانك و تۆپ هێرشیان كردە سەر خەڵكی كوردستان، بە بڕوای چاودێران عێراق ئەو كاتە ئارامی بەخۆیەوە دەبینێت كە شیعە، سوننە و كورد هەریەكەیان دەبنە خاوەنی وڵاتی خۆیان.

محەممەد بازیانی، سەرۆكی حزبی بزاڤی چاكسازی و گەشە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "عێراق بەو شێوەیەی كە هەیە سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت، عێراق لە سێ پێكهاتەی سەرەكی پێك هاتووە، باشترین چارە ئەوەیە سێ هەرێم، یان سێ دەوڵەت لە ناوچەكە دروست ببن، دەوڵەتێك بۆ شیعە، دەوڵەتێك بۆ سوننە و دەوڵەتێك بۆ كورد، ئەو كاتە عێراق ئارامی بە خۆیەوە دەبینێت و هەموو پێكهاتەكان بە مافەكانی خۆیان دەگەن."

بازیانی گوتیشی: "كورد دوو ئەركی سەرەكیی لەسەرشانە، ناوخۆی خۆی، ئەگەر كوردستان بەراورد بكەین لەگەڵ خوارووی عێراق زۆر جیاوازە، لەگەڵ هەموو ئەو قەیرانانەی كە لە كوردستان هەن، كوردستان بووەتە شوێنێكی ئارام بۆ هەموو پێكهاتەكان، بۆیە زۆر گرنگە جارێكی دیكە ناوماڵی خۆمان ڕێك بخەینەوە، لە ناوخۆی خۆمان ئاشتەوای دروست بكەین، دەستی ئەوانەی تێكدەرن كەم بكەینەوە، هەروەها ئەگەر بچینەوە بەغدا بە توكمەیی بچین و یەك دید و بۆچوونمان هەبێت، نەك هەریەكە و بۆ خۆی بچێت، بەڵكو بە یەكڕیزی ڕوو لە بەغدا بكەین، بۆ ئەوەی بە مافە ڕەواكانی خۆمان بگەین"
kdp-
Top