"ئەگەر ئاوارەكان نەگەڕێنەوە مووچەكانیان دەبڕدرێت"

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران دیاری كرد، حكوومەتی عێراق زەخت لە ئاوارەكان دەكات كە بگەڕێنەوە، ئەگەر نەگەڕێنەوە مووچەكانیان دەبڕێت.

عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە هۆی شەڕی داعشەوە نزیكەی 6 هەزار خێزان ئاوارەی سۆران ببوون، بەڵام ئێستا 5 هەزار و 500 خێزان گەڕاونەتەوە شوێنەكانی خۆیان و تەنیا 500 خێزان ماونەتەوە، ئەوانەش زۆربەیان خەڵكی مووسڵ و ناوەڕاستی عێراقن، گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە بۆ شوێنەكانی خۆیان لەبەر ئەوە بووە كە حكوومەتی عێراق زەختێكی زۆری بۆ هێناون كە هەر كەسێك نەگەڕێتەوە مووچەكەی دەبڕدرێت، ئەوەش خەڵكەكەی ناچار كرد كە بگەڕێنەوە، بۆیە نەك لەسەر خواست و ویستی خۆیان بووە، ئەوانەی كە نەگەڕاونەتەوە ئەوانەن كە هیچ پەیوەندییەكیان بە حكوومەتی عێراقەوە نییە و مووچەیان نییە، هەروەها هەندێك خێزانی ئێزدی لە ناوچەكەن، ئەوانەش لەبەر حەشدی شەعبی و پەكەكە و نالەباریی ناوچەكانی خۆیان نەگەڕاونەتەوە، كە دوو خێزان گەڕابوونەوە، بەڵام لەبەر نالەباریی ڕەوشی ناوچەكە جارێكی دیكە ئاوارەی سۆران بوونەتەوە و لە حامیەی ڕواندز نیشتەجێ كراون."

عەباس ئەمیر گوتیشی:" بەداخەوە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ئێستا هاوكاریی ئاوارەكان ناكەن، تەنیا وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق پاش ساڵێك و 3 مانگ جارێك كارتۆنێك مەوادیان ڕەوانە دەكرد، بەڵام بە پێی قسەی ئەوان هەر خێزانێك نووسراوی گەڕانەوەی وەرگرتبێت ئەو بەشەخۆراكە وەرناگرێت، ئێمەش لە پێش مانگی ڕەمەزانەوە بۆ 680 خێزان داوامان كردبوو، كەچی تەنیا بۆ 200 خێزان ڕەوانەیان كردووە، چۆن دابەشی سەر 500 خێزانی بكەین، ئەمە لە كاتێكدایە حكوومەتی هەرێم هاوكاریی ئاوارەكان دەكات، لە هەموو خزمەتگوزارییەكانی وەكو كارەبا، تەندروستی، لە هەموو سەرچاوەكانی ژیان سوودمەند بوونە و هەلی كاریان بۆ ڕەخسێنراوە، وەكو هاووڵاتییەكی نیشتەجێی ناوچەكە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت".
kdp-
Top