هه‌سه‌ده‌: ئاماده‌ين ديل به‌ديل له‌گه‌ڵ داعش بكه‌ين

 هه‌سه‌ده‌: ئاماده‌ين ديل به‌ديل له‌گه‌ڵ داعش بكه‌ين
هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات(هه‌سه‌ده‌) رايگه‌ياند، له‌ پێناو پاراستنى گيانى هاووڵاتييه‌ رفێندراوه‌كانى سوه‌يدا ئاماده‌يه‌ ديل به‌ ديل له‌گه‌ڵ داعش بكات.

مانگى رابردوو، داعش په‌لامارى شارى سوه‌يداى له‌ باشوورى سووريا دا و له‌ ئاكامى ئه‌و په‌لاماره‌دا 250 كه‌س كوژران و 36 هاووڵاتيش كه‌ سه‌رجه‌ميان له‌ دروزه‌كانن له‌ لايه‌ن داعشه‌وه‌ رفێندران.

دواى ئه‌وه‌ى داعش له‌ ناوچه‌كه‌ تووشى شكست بوو و سێ چه‌كداريان له‌لايه‌ن خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌وه‌ كوژرا، هاووڵاتييه‌ رفێندراوه‌كانيان له‌گه‌ڵ خۆيان راپێچ كرد.

ئه‌و رفێندراوانه‌ 16يان منداڵن و 20يشيان ئافره‌ت و ته‌مه‌نيان له‌ نێوان 18 تا 60 ساڵ ده‌بێت.

فه‌رمانده‌يى گشتيى هه‌سه‌ده‌ رايگه‌ياندووه‌، ئێمه‌ له‌ هێزه‌كانى سوورياى ديموكراتى و له‌ سۆنگه‌ى بڕوابوونمان به‌ يه‌كبوونى چاره‌نووسى هاوبه‌شى سه‌رجه‌م رۆڵه‌كانى سووريا، بۆ گه‌له‌كه‌مان له‌ شارى سوه‌يدا و كه‌سوكارى رفێندراوه‌كان دووپاتيده‌كه‌ينه‌وه‌، كه‌ ئاماده‌يى ته‌واومان هه‌يه‌ بۆ هه‌ر پرۆسه‌يه‌كى گۆڕينه‌وه‌ى ئه‌ندامه‌ ده‌ستگيركراوه‌كانى داعش لامان له‌ پێناو رزگاركردنى ئه‌و رفێندراوانه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌يان بۆ ناو كه‌سوكاريان.
k24 -
Top