سەروەر عەبدولڕەحمان: هەموو فکرێکی توندڕەوی زەنگێکی مەترسیدارە
د. سەروەر عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "بۆ ئەوەی فکری توندڕەوی لە ھەرێمی کوردستان، بنەبڕ بکرێت پێویستە گرنگی بە پەروەردە بدرێت، چونکە فکر پەیوەندی بە پەروەردەوە ھەیە ئەگەر کۆتایی بە چەکدارانی داعش ھاتبێت، بەڵام کار لەسە فکر نەکرێت، ڕەنگە فکری توندڕەوی پەرەبستێنێت، چونکە ئێستاش فکری داعش وجودی ھەیە، بۆیە پێویستە داعش وەکو فکر بنەبڕ بکرێت“.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی یەکێتی، ئەوەشی خستە روو، کە ئەرکی سەرشانی وەزارەتی ئەوقافە گوتاری مزگەوتەکان ڕێکبخاتەوە، پێویستە مامۆستایانی ئایینی لەچوارچێوەیەکدا گوتاری ھەینی بۆ نوێژخوێنان بخوێنن، نەوەکو مامۆستایەکی ئایینی بەئارەزووی خۆی قسە بکات و خەڵک ھان بدات، چونکە ئەوە یەکێکە لەو کارە خراپانەی کە مەلای ئایینی، بیری توندڕەوی بڵاو دەکەنەوە و پێویستە ڕێگریان لێ بکرێت.
ئاشکراشی کرد، کە مەلای توندڕەو زۆرە و پێشتر لە پەرلەمانی کوردستان، سکاڵا لەسەر ئەوە تۆمار کراوە، وەزارەتی ئەوقافیش بەپێی پێویست کاری لەسەر ئەوە نەکردووە و پێویستە ڕێگری لەو جۆرە فکری توندڕەویە بکرێت، بۆئەوەی بەھیچ شێوەیەک ڕێگەیان پێ نەدرێت، مێشکی منداڵانی کورد تێک بدەن و بەرەو ئاڕاستەی توندڕەوی بەرن.
د. سەروەر عەبدولڕەحما، ئاماژەی بەوەش دا، کە ھەموو فکرێکی توندڕەوی زەنگێکی مەترسیدارە بۆ گەنجان و لاوان، چونکە ئەوەی پەیوەندی بە داعشەوە ھەیە لەلایەن پیاوانی ئایینیەوە ئەنجام دەدرێت، گوتیشی: ”پێویستە ئەو جۆرە توندڕەویە نەمێنێ و بەربەستی بۆ دابنرێت“.
باسنیوز
