فەرماندەیەکی پێشمەرگە: میلیشیاکان کەرکووک بەڕێوەی دەبەن
حەمە ڕێگر، جێگری فەرماندەی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک - پردێ، ڕایگەیاند: ”دۆخی ئەمنی کەرکووک هیچ باش نییە و خەڵک دەکوژرێ و دەڕفێنرێت، چونکە گرووپەکان کەرکووک بەڕێوە دەبەن و لە ناو کەرکووکدا شتێک نییە، بەناوی حکوومەت و دەوڵەتی عێراق، لەبەر ئەوەی هەر گرووپێک لەو شارەدا بۆخۆی حکوومەتێکە“.
فەرماندەکەی هێزی پێشمەرگە، ئەوەشی خستە روو، کە راکان سەعید، پارێزگاری بەزۆر سەپێنراوی کەرکووک، ئاماژەی بەوە داوە کە دەسەلاتی نییە و خەڵک نەوت دەبات، تەعریب دەکات و خەڵک دەکوژن.
لەبارەی کۆبوونەوەکەی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان لە ناحیەی شێراوە، کە دوێنێ چوارشەممە 1\8\2018، ئاشکرای کرد، کە ئەوانەی هاتبوون لە ئاستی باڵادا بوون، لە کۆبوونەوەکەشدا بە چڕی باسی دۆخی کەرکووک و ناوچەکەیان کرد.
لەبارەی ئەوەی کە لە کۆبوونەوەکەدا باسی گەرانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ کەرکووک و ناوچەکە کراوە؟، حەمە ڕێگر، جێگری فەرماندەی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک - پردێ، جەختی لەوەش کردەوە، کە هاوپەیمانان هەوڵی خۆیان دەدەن و گوتیشی: ”پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ڕاستەقینەی عێراق نەک ئەو میلیشیایانەی کە هەیە“.
باسنیوز
