دیندار زێباری: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک هەوڵی کەمکردنەوەی مەینەتی کوردانی ئێزیدی بکاتەوە

دیندار زێباری: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک هەوڵی کەمکردنەوەی مەینەتی کوردانی ئێزیدی بکاتەوە
بەر لە چوار ساڵ داعش هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ناوچە ئێزیدی نشینەکان و دەشتی موسڵ، تیرۆریستان لەم هەڵمەتەدا دوور لە دابونەریتی هەموو جۆرە پێشێلکارییەکیان دژی مافەکانی مرۆڤ بەرامبەر بە خەڵکی سڤیلی ئەم ناوچانە پیادە کرد هەر لە کوشتن و تێکدانی ماڵ تا دەگاتە رفاندنی ژن و منداڵ و سەبی کردن و فرۆشتنیان لە موسڵ و سوریا، لە ئەنجامدا بە سەدان هەزار کەس لەو ناوچانە ئاوارە بوون و بۆ پاراستنی سەرو ماڵیان روویان لە هەرێمی کوردستان کرد.



حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای هێرشەکانی تیرۆریستان دەستی کرد بە یارمەتیدانی ئەو ئاوارانە لە هەموو روویەکەوە، لەم بارە د.دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: سەرەتای مانگی ئابی 2014 تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردە سەر دەڤەری شنگال کە دانیشتوانی زۆرینەی کوردانی ئێزیدین، لە ئەنجامدا زیانێکی زۆر بەر دەڤەرەکە کەوت.



سەرەڕای بارودۆخی نالەباری ئابووری، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەکی دەستی یارمەتی بۆ راگوێزراوەکان کردەوە بەبێ جیاوازی و سەرەتا بە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێکردن و خزمەتگوزارییە پێویست و سەرەتاییەکان وەک خۆراک و ئاو.



زێباری باسی لە دەرهاویشتە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم هێرشەی تیرۆریستان کرد و لەم بارەوە وتی: تیرۆریستان جگە لەکوشتن و وێرانکردنی ماڵ و خانووی هاووڵاتیان ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی ئێزیدی سڤیلیان رفاند کە ژمارەیان گەیشتە ٦٤١٧ کەس و لەمانە ٣٥٤٨ ئافرەت بوون. بۆ رزگارکرنی ئەم هاووڵاتییە رفێندراوانە نووسینگەی تایبەتی جەنابی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی ٢٥/١١/٢٠١٤ لیژنەیەکی تایبەتی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی رفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ رزگارکردنیان، دوای گەڕانەوەشیان حكومەت هەموو ئامادەكارییەك دەكات بۆ حەواندنەوەیان و دووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگا. بە هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت تا ڕۆژی 1/8/٢٠١٨ ژمارەی ئێزیدیە ڕزگار کراوەکان (3315) کەس بووە لەوانە (١١55) ئــافرەت و (٣٣7) پیاو و (٩53) کچ و (870) کوڕ ڕزگار کراون، ئەوانەی تا ئێستا ڕزگار نەکراون ژمارەیان (3102) کەسە لەوانە (١٤40) ئافرەت و (١٦62) پیاو کە لە دەست داعش ماون .



رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها وتی: ئەو ئافرەتانە تووشی جۆرەھا رەفتاری دڕندانە و دوور لە هەموو عورف و دابونەریتێکی مرۆڤانە، لە فرۆشتن، کڕین، ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەروونی، گۆڕینی ئایینەوە بگرە تا دەگاتە تاوانی دەستدرێژی. زۆربەی ھەرەزۆری ئەو ئافرەتانەی کە رزگاردەبن، باری دەروونی و تەندروستی جەستەییان زۆر خراپە و پێویستیان بە چارەسەری ھەیە، هەرچەندە سەرۆکایەتی تەندروستی دھۆک بەگوێرەی تواناکانی خۆیان، چارەسەری بۆ لەم ئافرەتە رزگاربووانە دەکات. ھەندێک لەو ئافرەتانەی کە رزگارکراون، منداڵیان ھەبوون، بەڵام منداڵەکانیان لەوێ بەجێ ماون ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە باری دەروونییان ئالۆزتربێت، (3٣) ئافرەتی ئێزیدی رزگاربووی دەستی داعش، ھیچ کەسێک لە ئەندامانی خێزانەکانیان نەماون، بۆیە ئێستا لەلایەن خزم و دۆستانی خۆیان دەژین.



زێباری ئاماژەی بەوەش کردن کە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئافرەتانە لە بارێکی دەروونی ئاڵۆزدان بەپێی گرێبەستێک لە نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی هەرێمی بادن فورتمبێرکی ئەڵمانی، تا ئێستا نزیکەی (١٠٠) لەو ئافرەتانەی رزگارکراون، رەوانەی وڵاتی ئەڵمانیا کراون بۆ چارەسەرکردن بەتایبەتی لەرووی دەروونییەوە .



د. دیندار زێباری تیشکی خستە سەر ئەوەی کە داعش بێ جیاوازی تاوانی دژی پێکهاتە ئایینییەکان ئەنجامدا و لم بارەوە وتی: لە دوای هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگای موسڵ بەتایبەتی دەشتی نەینەوا، جگە لە رفاندنی هاووڵاتیانی کوردی ئێزیدی، پەیڕەوانی ئایین و ئایینزاکانی دیکەش لەو کارە دڕندانەی داعش بێبەش نەبوون و ژمارەیەکی زۆریان رفێندران، ژمارەی رفێندراوەکانی کریستیان بەم شێوەیە: ژمارەی ئەو رفێندراوانەی کە کەیسەکانیان لە ٣/٤/٢٠١٧ تاکو رێکەوتی ١٨/٧/٢٠١٧ دیکیۆمینت کراوە (٢٥٠) کەس بووە، لەوانە (٨٢)یان ئافرەت و (168) پیاو بوون. لەو ژمارەیە (١٧٤) یان بەشێوازی جۆراوجۆر رزگار کراون ، بەڵام تا ئێستا (٧٦) یان رزگار نەکراون، لەوانەی کە رزگار نەکراون ژمارەیەکیان ئافرەتن. جگە لەمانە تا ئێستا (٦٩) گۆڕی بە کۆمەڵ و دەیان گۆڕی تاک لەو ناوچانە دۆزراوەنەتەوە کە لە دەست داعش رزگار کراون، هەروەها (٦٩) مەزار و شوێنی ئایینی پێڕەوانی ئایین و مەزهەبەکانی دیکە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە تەقێندراونەتەوە.



دیندار زێباری ئەوەشی روونکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جددی داوە بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ئافرەتە رزگارکراوەکان بۆ نێو کۆمەڵگا و لەم بارەوە وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان سه‌نته‌رى راوێژكارى خێزانى لە پارێزگای دهۆك دامەزراندووە كه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكى پسپۆرى یاسایى و ده‌روونى پێكهاتووه ‌به‌رده‌وام له‌خزمه‌ت كردنى كەیسه‌كانى ژنانى ئێزیدی دایه‌، لەم رووەوە‌ هاوكارى زیاتر له‌ (2000) ئافره‌تى كردووه‌ له‌م ژماره‌یه‌ زیاتر له‌ (1000) ئافره‌ت ته‌مه‌نیان له‌ سه‌رووى (18) ساڵه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ش به‌ گواستنه‌وه‌ى بۆ نه‌خۆشخانه‌ وچاره‌سه‌ركردنیان و ئارام كردنه‌وه‌ى لایه‌نى ده‌روونى لەلایه‌ن پسپۆرانى ده‌روونناس و كۆمه‌ڵناس، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی توندوتیژی دژی ئافرەتان سیمینار وۆرك شۆپ و خولی تایبەتی كردۆته‌وه‌ بۆ به‌ هاناوه‌ هاتنیان و چۆنیه‌تى گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو كۆمه‌ڵگا و سه‌ردانی كردنیان.























خه ليل بله يى
Top