لەبارەی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە دانیشتوانی تەلار ستی زانیاریی نوێ دەخرێتە ڕوو

 لەبارەی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە دانیشتوانی تەلار ستی زانیاریی نوێ دەخرێتە ڕوو
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ھەولێر ڕای دەگەیەنێت، چاوەڕێی تەواوبوونی مامەڵەی ھاووڵاتییانین بۆ ئەوەی کارەبا بە دانیشتوانی تەلار ستی بدەین.

حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ھەولێر ڕايگەیاند: ”ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر پێدانی 16 ئەمپێر کارەیا بۆ ھەر ماڵێکی دانیشتووی تەلار ستی داوە، ئێستاش ھاووڵاتییان خەریکی مامەڵەکردنن بۆ ئەوەی ھاوبەش بکەنەوە و پێوەر ببەستن، ئێمەش ھەوڵ دەدەین ھەموویان ھاوبەش بکەنەوە و پێوەر ببەستن“.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”ھەرچەندە بەرنامەی ئێمە ئەوەیە کە سەرجەم ماڵەکان بەیەکەوە کارەبایان پێ بدەین، بەڵام ئەگەر بزانین کردنەوەی ھاوبەش و بەستنی پێوەری کارەبا دوا دەکەوێت، ئەوا کارەبا بەو کەسانە دەدرێت، کە پێوەریان بەستووە و ھاوبەشان کردووەتەوە، ھەوڵیش دەدەین کارەکە زۆر نەخایەنێت“.

لەبارەی ئەوەی ئەگەری ھەیەپێش جەژنی قوربان کارەبای نیشتمانی بە دانیشتوانی تەلار ستی بدرێت؟، حوسێن حەمەد گوتی: ”ئەوە دەوەستێتە سەر بەدواداچوونی ھاووڵاتییان و کۆمپانیاکە بۆ بابەتەکە، تا مامەڵەکانیان زوو تەواو بکەن، ئێمەش حەز دەکەین بە زووترین کات کارەبایان پێ بدەین“.








باسنيوز
Top