هەزاران ئاوارەی عەفرین لە خێوەتگەكانی پەیەدە رادەكەن

هەزاران ئاوارەی عەفرین لە خێوەتگەكانی پەیەدە رادەكەن



هەزاران خێزانی ئاوارەی عەفرین لە خێوەتگەكانی "بەرخۆدان" رایانكرد، كە لەلایەن ئیدارەی پەیەدەوە لە گوندەواری حەلەب دروست كراوە، بەڵام هێشتا زیاتر لە 50 هەزار هاووڵاتی كورد لەوێندەر لە دۆخێكی زۆر خراپدا ژیان دەگوزەرێنن.


دوابەدوای هێرشی سوپای توركیا بۆ سەر شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان، ئیدارەی پەیەدە چوار خێوەتگەی سەرەتایی بۆ لەخۆگرتنی زیاتر لە 100 هەزار ئاوارەی عەفرین لە گوندەواری حەلەب دامەزراند، كە خێوەتگەكانی ڤاڤین، تەل قەراح، تەل سوسین و خێوەتگەی حاسین بوون، پەیەدە ناوی لێ نان خێوەتگەكانی بەرخۆدان.


كوردانی ئاوارەی عەفرین لەم خێوەتگانەوە رایانگەیاندووە كە نزیكەی 50 هەزار ئاوارە لەم خێوەتگایانەی بەرخۆدانی پەیەدە لە حەلەب رایانكردووە، لەبەرئەوەی كەمترین پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیانیان تێدا نیە.


ئاوارەكانی ئەم خێوەتگانە رەخنە لە پەیەدە دەگرن، لەبەر ئەوەی بەزۆر ڕۆڵەكان و منداڵەكانیان كردوون بەگەریلا و چەكدار، هەروەها ڕێگەش نادەن هیچ یەكێك لە ئاوارەكان ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

بەگوێرەی سەرچاوەكە، هەر ئاوارەیەك لەم خێوەتگانە رایكردبێت و گەڕابێتەوە زێدی خۆی لە عەفرین، لەلایەن پەیەدەوە بەخیانەتكار دەناسرێت و دەڵێن ژیانی ژێر سایەی سوپای توركیایان قبووڵ كردووە. لە كاتێكدا كەسوكاری خۆیان لە باكووری كوردستان لە سایەی جەندرمە و سوپای توركیادا دەژین، بەوان ناڵێن خیانەتكار.
bas news-
Top