گەنجێكی كورد مەزنترین خەڵاتی جیهانی لە بیركاریدا بەدەست هێنا

گەنجێكی كورد مەزنترین خەڵاتی جیهانی لە بیركاریدا بەدەست هێنا

ئەمڕۆ گەنجێكی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە بەریتانیاوە مەزنترین خەڵاتی جیهانی لە بیركاریدا بەدەست هێنا، كە ناوی خەڵاتی فیڵتز یان "خەڵاتی نۆبڵ بۆ بیركاری"یە و چوار ساڵ جارێك بەزانای بواری بیركاری دەبەخشرێ.


خەڵاتەكە لە شاری ریۆ دی جانیرۆی بەرازیل پێشكەشی چوار زانای بیركاری كرا، یەكێكیان پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار بوو، كە كوردێكی شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستانە و لە وڵاتی بەریتانیا دەژیت.


پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار لە كاتی وەرگرتنی خەڵاتەكەدا گوتی "هیوادارم دڵی 40 ملیۆن کوردم خۆش کردبێت".


جگە لە پرۆفیسۆر کۆچەر بیرکار، هەریەك لە ئەلسیۆ فیگالی، پیتەر شوڵتزێ و ئەکشای وۆنکاچیش لە بەرانبەر خزمەتەكانیان بەبواری بیركاری لە جیهاندا، خەڵاتەكەیان پێشكەش كرا.


پڕۆفیسۆر کۆچەر ماوەی چەند ساڵێکە وەک پەنابەر چووەتە بەریتانیا و ئێستە لە زانکۆی کەمبریج لەم وڵاتەدا مامۆستایە. کۆچەر بیرکار جگە لە خەڵاتەکە، بڕی 15 هەزار دۆلاریشی پێبەخشرا، كۆچەر پێشتریش خەڵاتی لورهۆڵمی لە بواری بیركاریدا بردووەتەوە.
bas news-
Top