نەدا مێرگەسۆری: تانەدانەکەی عەبادی، بۆ خۆدەربازکردنە لە ژێر گوشاری خۆپیشاندەران
یاسای ئیمتیازاتەکانی پەرلەمانتاران کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لە مانگی تەممووزدا پەسەند کرا، مشتومڕی زۆری لێکەوتەوە، تا کار گەیشتە ئەوەی حەیدەر عەبادیی سەرۆکوەزیرانی عێراق تانە لە هەندی بڕگە و ماددەی پەیوەست بە ماف و ئیمتیازاتی پەرلەمانتاران کە لە یاساکەدا هاتوون، بدات و دادگای فیدراڵی عێراقییش لە ٢٣ی٧ـدا رایانگەیاند، لەسەر تانەی سەرۆکوەزیران و بە پشتبەستن بە دەستوور ئەو یاسایەیان راگرتووە.
نەدا مێرگەسووری ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و جێگری بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کورستان، رەتی کردەوە ئەو یاسایە تایبەت بێت بە ماف و ئیمتیازاتی پەرلەمانتاران، بەڵکو تەنیا یەک ماددەی خانەنشینی تێدایە، ئەوەی هەیە، یاساکە تایبەتە بە هەیکەل و رێکخستنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، راگەیاندن بە هەڵە لێکدانەوەیان بۆ راگرتنی یاساکە کردووە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران پێیوایە، یاساکە بایەخی خۆی دەبێت، بەو شێوەیە، کە بە پێی دەستوور دەسەڵاتێکی باڵای هەیە، هیچ دەستەڵاتێکی دیکەی وەک دادوەری، یا جێبەجێکاری دەوڵەت نەتوانێت دەستوەرداتە کاروباری ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، بۆیە بەو یاسایە دەتواندرێت سەرلەنوێ هەیکەلی خۆی رێک بخاتەوە، تایبەتمەندە بە خۆی و بەشەکانی، وەک چۆن وەزارەتەکان یاسای خۆیان هەیە، ناشکرێت ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بێ یاسا بێت، کە ئەوەش بووەتە هۆی دەستوەردان لە کارەکانی پەرلەمان بە تایبەت لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە.
جێگری بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی روونی دەکاتەوە، ئەو یاسایە دووبارە ریزکردنەوەی ماددەکانی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، کە جارێکی دیکە لە چوارچێوەی یاسا رێک خراوەتەوە و دەیەوێت وەکو یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک وەکو پەیڕەوی ناوخۆ، چونکە یاسا لە سەرووی پەیڕەوی ناوخۆیە.
هۆکاری ئەو کێشمەکێشەی نێوان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەران، نەدا مێرگەسۆری بۆ بوونی نارێکی بارودۆخی ئێستای عێراق و خۆپشاندەرانی دەگێڕێتەوە، کە گوشار لەسەر سوڵتەی عێراق زۆر بووە و دەڵێ، "عەبادییش بۆ ئەوەی لە ژێر ئەو گوشارەدا خۆی رزگار بکات، تانەی لەو یاسایە داوە، لە کاتێکدا ئەو یاسایە هیچ ماف و ئیمتیازاتێکی پەرلەمانتارانی تێدا نییە، تەنیا یەک ماددەی تێدایە، باسی خانەنشینی دەکات."
جیاوازی لە نێوان هەرێم و بەغدا، ئەوەیە، کە لە هەرێمی کوردستاندا خانەنشینی پەرلەمانتار هەیە، لە بەغدا نییە، ئەوەشی دەیانەوێت لە بەغدا بکرێت، ئەوە نییە کە لە یاساکەدا بیانەوێت بە شێوەیەکی رەها پەرلەمانتار خانەنشین بکرێت، بەڵکو ئاسانکارییەکە لە رووی تەمەن و خزمەتەوە، ئەویش نەک ئەوەی مووچەی تەواوی پەرلەمانتاران وەربگیردرێت، ئەو ماددەیەش کە باس لە خانەنشینی پەرلەمانتار دەکات، لە یاسای چەند وڵاتێکی دیکەوە وەرگیراون، ئەویش گەر هاتوو پەرلەمانتارێک تەمەنی گەیشتبووە ئاستی خانەنشین کردن، خانەنشین دەکرێت، نەدا وەهای گوت.
مێرگەسووری ئاماژەشی دا، ئێستا دادگای فیدراڵ لەسەر تانەی عەبادی یاساکەی راگرتووە، "پرسی ڕاگرتنەکە کاتییە، هەر ئەو دادگایەش دوابڕیاری لەسەر دەدات، بەڵام دیار نییە کەی دادگای فیدراڵی لەسەر ئەو پرسە کۆ دەبێتەوە."
kdp-
