پارتی: لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەنگەکانمان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات

 پارتی: لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەنگەکانمان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پارێزگای سلێمانی _ ھەڵەبجە، ئاماژە بەوە دەدات، کە دەنگەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاد دەکات.

عەتا شێح حەسەن، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پارێزگای سلێمانی _ ھەڵەبجە، ڕایگەیاند: "پارتی دیموکراتی کوردستان، ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کردووە، بەڵام بۆ ئەم ھەڵبژاردنە ئێمە دەمانەوێ بانگەشەیەکی مەدەنیانە و سەردەمیانە بکەین، بۆئەوەی بەھۆی بانگەشەی ھەڵبژاردنەوە دووربین لە جەنجاڵی شەقامەکان و زمانی زبر و یەکتر سڕینەوە و گرژکردنی دەروونی ھاونیشتمانیان، بێگومان کار بۆ ئەوە دەکەین ململانێیەکی نەرم لەسەر ئاستی متمانەی دەنگی ھاونیشتمانیان بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بکەین“.

گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پارێزگای سلێمانی _ ھەڵەبجە، ئەوەشی خستە روو، کە ھیچ ھێزێکی سیاسی ناسڕنەوە، چونکە کوردستان وا دەبینین کە پێویستی بە فرە حزبییە، چونکە کۆمەڵگەی کوردستان، کۆمەڵگەیەکی فرە ڕەنگە، بۆیە بەڕێوبردنەکەشی باشترە بەو فرە ڕەنگە بکرێت، دەشڵێت: ”دواجار خۆمان لە زمانی زبری میدیای دەپارێزین، بەڵکو بە پێچەوانەوە زمانی ئەو مێژووەی خۆمان متمانەی دەنگدەرانی کوردستان بەدەست دەھێنین“.

ئاشکراشی کرد، کە لەدوای ئاشکراکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، تانەیان لە ئەنجامەکانی ھەڵبژارنەکە داوە، داوای ئەوەیان کردووە جارێکی دیکە دەنگەکان بەدەست ھەژمار بکرێتەوە، لە ئەنجامی ژماردنەوەی ئەو 118 سندوقەی لە پارێزگای سلێمانی ھەژمارکردنەوەی دەستی بۆ کراوە، پارتی دیموکراتی کوردستان، ھاتە ڕیزبەندی سێیەمی ھێزە سیاسیەکانی کوردستان، بۆیە بەپێی ئەو میکانیزمەی کە ئەم ھەڵبژاردنەی پێ بەڕێوە دەچێت، دڵنیان دەنگەکانیان لەسنووری پارێزگای سلێمانی و دەووروبەی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

عەتا شێخ حەسەن، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی لە پارێزگای سلێمانی _ ھەڵەبجە، جەختی لەوەش کردەوە، کە لە ھەڵبژاردنی ساڵی 1992ەوە، تاوەکو ئێستا ئەگەر ھەر ھەڵبژاردنێک لە ھەرێمی کوردستان کرابێت، سەرباری ئەو ساختەکارییەی بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە، ھەمیشە پارتی لە ڕیزبەندی یەکەمی ھەڵبژاردنەکاندا بووە، بۆیە ئەمجارەش چۆن پارتی لە سەنگەری بەرگری و پاراستنی ھەرێمی کوردستان، لە ڕیزبەندی پێشەوەی ھەموو حزبەکان بووە، لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ڕیزبەندی یەکەم دەمێنێتەوە.















باسنیوز
Top