ئاڵا تاڵەبانی.. دۆستە عەرەبەکانی لە پەلەقاژەدان و یەکێتیش وەری ناگرێتەوە
دوای ساڵانێک لە پەیوەندییەکی بەهێز و نزیکایەتییەکی لە ڕادەبەدەر لە نێوان ئاڵا تاڵەبانی و بەشێک لە عەرەبەکانی عێراق کە دواجار گەیشتە ئەوەی ئاڵا تاڵەبانی ڕەچەڵەکی بنەماڵەی تاڵەبانییەکان بۆ سەر هۆزی (بەنی ئەسەد)ی عەرەبی شیعە بگەڕێنێتەوە، ئێستا دۆخی ئەو دۆستانەی ئاڵا تاڵەبانی بەهۆی ناڕەزاییەکانی خەڵکی ناوەڕاست و باشووری عێراق ئاڵۆزە و هاووڵاتییانی شەقامی عەرەبیی شیعی، سەرجەم ئەو سەرکردانەیان ڕەت دەکەنەوە. بۆیە چاودێران پێیانوایە کە ئاڵا تاڵەبانی نزیکترین دۆستەکانی کە هیوای گەورەی پێیان هەبوو، لە دەست دەدان و ئەگەر هەیە هەوڵی گەڕانەوە نێو یەکێتی بدات.
لە بەرامبەردا ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە خۆی بە کادیری پێشکەوتووی یەکێتی وەسف دەکات، ڕایگەیاند: ”ئاڵا تاڵەبانی لە قەلیش بوو، لە کۆتریش، تا کۆنگرە پلەی ئەندامی سەرکردایەتی لێ وەرناگیرێتەوە، بەڵام دواتر بە پێی یاسا و ڕێسای حزبایەتی بڕیاری لەسەر دەدرێت، نەک تەنیا ئاڵا تاڵەبانی، بەڵکو بەرھەم ساڵح و زۆرێکی دیکەش ڕۆیشتوون“.
لەبارەی گەڕانەوەی ئاڵا تاڵەبانی و بەردەوامبوونی لە ناو ڕیزەکانی یەکێتی وەک ئەندامی سەرکردایەتی، قەدەفەری ئەوەی خستە روو کە تازە بۆ ناو یەکێتی ”مەحاڵە، چونکە بێتە ناو کۆنگرەش دەنگی پێ نادەنەوە و بۆ سەرکردایەتی ھەڵنابژێردرێتەوە“.
ئاشکراشی کرد، ”یەکێک بڕوات بەپێی بەرژەوەندیی خۆی ئەملا و ئەولا بکات، ئەوا مانەوەی بەدەستی ئەندام و سەرکردایەتیی یەکێتیش نامێنێت، بەڵکو کۆنگرە بڕیاری لەسەر دەدات“.
ئاڵا تاڵەبانی، ماوەیەکی زۆر هاوشێوەی عەرەبە شۆڤێنییەکان، دژایەتیی هەرێمی کوردستانی کرد و سەربەخۆیی کوردستانی بە پیلانگێڕی دژی یەکپارچەیی عێراق لە قەڵەم دا و لە کاتی هێرشی میلیشیاکان دژی پێشمەرگە، مۆڵگەکانی حەشدی شەعبی بەرامبەر بە سەنگەرەکانی پێشمەرگە بەسەر کردەوە، کەچی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هیچ هەڵوێستێکی بەرامبەری نەبوو. بەڵام کاتێک ئاڵا تاڵەبانی لەسەر لیستی (هاوپەیمانیی بەغدا) لە دەرەوەی یەکێتی خۆی کاندید کرد، حزبەکەی بڕیاری سڕکردنی دەرکرد.
باسنیوز
