شنگالی: چاکسازیمان دەستپێكردووە.. كونسوڵی به‌ریتانیا: ریفۆرمه‌كه‌‌ ھەنگاوی باشی بڕیووە

 	 شنگالی: چاکسازیمان دەستپێكردووە.. كونسوڵی به‌ریتانیا: ریفۆرمه‌كه‌‌ ھەنگاوی باشی بڕیووە
كەریم شنگالی، وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت، لە ڕێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، پرۆگرامی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستیپێكردووە وهەنگاوی کردەیی بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو هێزی یەکەکانی 70 و 80 بەڕێوەیە.

وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی، "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وڵاتانی ھاوپەیمان ھەوڵەكانمان خستووەتە گەڕ ھەتا لە بواری پێگەیاندن و ڕاھێنانی پێشمەرگە و پڕۆگرامەكانی تایبەت بە پێشمەرگەدا، كاری ھاوبەش بكەین".

كونسوڵی گشتی به‌ریتانیاش له‌هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، به‌ریتانیا و وڵاتانی دیكه‌ی هێزی هاوپه‌یمانان له‌ساڵی 2015 له‌سه‌ر داوای سه‌رۆك بارزانی به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تیان دیارییكرد، بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازیی له‌نێو هێزی پێشمه‌رگه‌. ئاشكراشی ده‌كات، پڕۆسه‌ی ریفۆرمی نێو پێشمه‌رگه‌ ھەنگاوی باشی بریووە.

دەشڵێ: "پێمان وایە پێشمەرگە دەبێ بەردەوام لە بواری سەربازیدا خۆی نوێ بكاتەوە و دەبێ بگەنە ئەو ئاست و توانایەی كە زیاتر لە ئێستا ڕووبەڕووی تیرۆر و ھەڕەشەكان ببنەوە، ھەم لە ڕووی ڕۆشنبیری و ھەم لە بواری لۆجستیكییەوە".

كۆنسووڵی بەریتانیا، گوتیشی، "بەریتانیا بەردەوامە لە یارمەتیدانی ھێزی پێشمەرگە لە دژی تیرۆر و داعش."

ھەروەھا كەریم شنگالی، ئاماژەی دا، "ھەنگاوی یەكەم بۆ ئەو یەكخستن و یەكگرتنە نراوە، كە بریتییە لە دروستكردنی بەڕێوەبەرایەتییەك بۆ كۆكردنەوەی ھەوڵەكان و دانانی ستراتیژی یەكگرتنەوەكە، كە لە پیش شەڕی داعش سەرۆكی ھەریمی كوردستان و سەرۆكوەزیران و جێگری سەرۆكوەزیران بڕیاریان لەو ریفۆرم و چاكسازییە دابوو، بەڵام ھەرێمی كوردستان رووبەڕووی شەڕی داعش بووەوە و ساردی لەم بەرنامەیەدا كرد، چونكە لە شەڕدا بووین."

وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت ئاماژەی بەوەش كرد، ھیچ لایەنێك رێگر نییە لە یەكگرتنەوە و یەكخستنەوەی پێشمەرگە و ھیچ رێگرییەك بەدی ناكرێت.




kdp -
Top